رووداو دیجیتاڵ
تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری یانەی زاخۆ دەڵێت "تیپەکەم لە قۆناخی خۆ رێکخستنەوەدایە و پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی خاڵی زیاتر لە یارییەکاندا ببەینەوە."
دوای یەکسانبوونیان بەرامبەر یانەی جۆلان، لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری یانەی زاخۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "لە نیوەی دووەمدا ئاستێکی باشمان پێشکێشکرد، هەلی زۆرمان دروستکرد، بەڵام لە تۆمارکردنی گۆڵدا سەرکەوتوو نەبووین. سەرکەوتووبووین لە گەڕاندنەوەی ئەنجامەکە، بەرامبەر تیپێک کە لە یاریگەی خۆیدا یاریی دەکرد و تیپێکی باشە.
راهێنەری یانەی زاخۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "تیپەکەمان لە قۆناخی خۆ رێکخستنەوەدایە و کاردەکەین بۆ ئەوەی رێگەکە راستبکەین و خاڵی زیاتر بەدەستبهێنین. ئێمە لە قۆناخی گۆڕانکاری و رێکخستنداین و بەردەوامدەبین لە کارکردن لەپێناو باشترکردنی ئەنجامەکانمان."
لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا، عەلی جاسم، یاریزانی یانەی زاخۆ بەشدارییکرد و گوتی "ئێمە لە نیوەی دووەمدا باشتربووین و شایستەی بردنەوەی یارییەکە بووین. دەستەی راهێنەران کاردەکات بۆ ئەوەی رێگەکە راستبکاتەوە و تیپەکە رێکبخاتەوە، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ئامادەکاریی باشمان نەکردووە. ئێمە پێویستیمان بە کاتە و داوا لە هاوڕێکانم دەکەم بۆ ئەوەی هەموو توانایەکیان لەپێناو یانەی زاخۆ بخەنەگەڕ."
یانەی زاخۆ لە دوای بردنەوەی یاریی گەڕی یەکەم بەرامبەر یانەی گازی باکوور، هیچ یارییەکی دیکەی نەبردووەتەوە و دووجار دۆڕاوە، لە سێ یارییدا یەکسانبووە، تیپەکە لە دوو یاریی رابردوودا یەکسانبووە و لە گەڕی داهاتووی خولەکەدا بەرامبەر یانەی موسڵ یاریی دەکات.




