رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا پەیامێکی ئاگادارکردنەوەی تووندی ئاراستەی سەرجەم رکابەرەکانی کرد، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ، بە ئەنجامی 5-1 لە یانەی فاینۆردی هۆڵەندی بردەوە.
یانە کەتەلۆنییەکە لەسەر پێشکێشکردنی ئاستە بەرزەکانی بەردەوامە، دوای دەستپێکە ئاگرینەکەی لە لالیگا، کە تێیدا لە 4 یاریی لەسەریەکدی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە تۆمارکردنی 17 گۆڵ لە سەرەوەی لووتکەی ریزبەندییە.
بارسا لە دەستپێکی ئەم وەرزەدا بە وەشانێکی ترسناکەوە دەركەوتووە کە تێیدا سەرجەم یانەکانی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و کیشوەریی تێکشکاندووە. بەهێزیی تیپەکەش لەم وەرزەدا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
ئاستی رافینیا
رافینیای ئەستێرەی بەرازیلی دەستپێکێکی مێژوویی پێشکێش دەکات؛ ئەم هێرشبەرە لە 5 یاریی لەسەریەکە گۆڵی تۆمارکردووە، کە ئەمەش دەستکەوتێکە پێشتر هیچ یاریزانێک لە مێژووی بارسێلۆنا بەدەستی نەهێناوە.
کاپتنەکەی ئێستای بارسا ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 8 گۆڵ، بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ لە لووتکەی گۆڵکارانی خولی ئیسپانیادایە.
هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی، رافینیای وەک هێرشبەری شاراوە بەکارهێناوە بەهۆی رۆشتنی لیڤاندۆڤسکی و فێران تورێس، ئەو شوێنە نوێیەش سەلماندی کە دەستکەوتێکی راستەقینەیە بۆ خۆی، راهێنەرەکەی، یانەی بارسێلۆنا و بەگشتی تۆپی پێ.
گەڕانەوەی ئاستی لامین یامال
لامین یامالی ئەستێرەی لاو جارێکی دیکە درەوشایەوە و دووبارە گەڕانەوەی بۆ ئاستە بەرزەکەی سەلماند، دوای دەستپێکە خەمناکەکەی و پێشکێشکردنی ئاستێکی مامناوەند لە جامی جیهانیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا کە نازناوەکەیان بردەوە.
بەهێزیی یاریزانانی یەدەگ
بارسێلۆنا خاوەنی سوپایەکی بەهێزی یاریزانانی یەدەگە، فلیکی راهێنەر چەندین کارتی براوەی لەبەردەستدایە کە دەتوانێت وەک سەرەکی یانیش لە کاتی یارییەکاندا بەکاریانبهێنێت.
لە 5 یاریی رابردوودا درەوشانەوەی چەندین یاریزانی یەدەگ دەرکەوت، لە سەروو هەموویانەوە کەریم ئادێمی هێرشبەری ئەڵمانی، گابریێل جیسوسی بەرازیلی و دانی ئۆڵمۆ.
جێگیری هێڵی بەرگری و ناوەڕاست
هەروەها بارسا خاوەنی هێڵێکی ناوەڕاستی بەهێزە کە کۆکەرەوەی توانای تۆپ سەندنەوە، تێکشکاندنی هێرشەکانی رکابەر و داهێنانە لە دروستکردنی دەرفەت و کۆنتڕۆڵکردنی یارییەکان، بە رابەرایەتی هەردوو ئەستێرە رۆدری و پێدری لەگەڵ فێرمین لۆپێز.
لە لایەکی دیکەوە هەڵەکانی هێڵی بەرگریی بارسا لەم وەرزەدا کەمبووەتەوە و خوان گارسیاش لە نێو گۆڵ لە درەوشانەوە بەردەوامە. تیپەکە پێویستی بە بەرگرییەکی بەهێز و گۆڵپارێزێکی باش هەیە تاوەکو خەونی بەدەستهێنانی نازناوی ئەورووپا بهێنێتە دی.




