رووداو دیجیتاڵ
هەڵەیەکی گەورەی ناوبژیوانی ڤار لە دێربی مانچێستەر ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە پرێمەرلیگ دروستکردووە، دوای ئەوەی گۆڵێکی نایاسایی ئێرلینگ هالاند بەرامبەر مانچێستەر یونایتد هەژمارکرا.
لە یاری لووتکەی پرێمەرلیگ لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد، مانچێستەر سیتی بە تاکە گۆڵێکی ئێرلینگ هالاند بە ئەنجامی 1-0 یارییەکەی بردەوە، بەڵام بڕیاری ژووری ڤار لەسەر دروستی گۆڵەکە مشتومڕێکی گەورەی لە خولەکەدا دروستکرد.
لە خولەکی 60ـی یارییەکەدا هالاند گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد، لە کاتێکدا سەرەتا یاریدەدەری ناوبژیوان ئاڵای ئۆفسایدی بەرزکردەوە، بەڵام دوای پشکنینی ڤار بۆ ماوەی دوو خولەک و نیو، بڕیاری دروستی گۆڵەکە درا. هەرچەندە هالاند لە ئۆفساید نەبوو، بەڵام ئینزۆ فێرناندێز لە هێڵی ئۆفساید بوو و هەوڵی لێدانی تۆپەکەی دا، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرگریکاران و گۆڵپارێزی مانچێستەر یونایتد هەبوو و دەبوو بەهۆی دەستوەردان لە یاری، گۆڵەکە رەتبکرێتەوە.
دەستەی ناوبژیوانانی تۆپی پێی ئینگلتەرا لە بڵاوکراوەیەکدا دانی بە هەڵەکەدانا و رایگەیاند "دەبوو ناوبژیوانی ڤار داوا لە ناوبژیوانی سەرەکی بکات بۆ بینینەوەی گرتەکە بچێتە لای شاشەکە، چونکە ئینزۆ فێرناندێز لە ئۆفساید بووە و کاریگەری لەسەر رووداوەکە دروستکردووە". دەستەکە پەیوەندیشی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کردووە بۆ داننان بە هەڵەکەیاندا.
لە کاردانەوەی ئەم بڕیارەدا، هەردوو ناوبژیوانی ڤاری یارییەکە لە ئەرکەکانی گەڕی داهاتووی پرێمەرلیگ دوورخرانەوە، لە کاتێکدا گوشارەکان لەسەر کارایی سیستمی ڤار زیاتر بوون بەهۆی وەستانی زۆری یارییەکان و دووبارەبوونەوەی هەڵە کاریگەرەکان.



