رووداو دیجیتاڵ
یاریزانێکی تۆپی پێ پەردە لەسەر بوونی گەندەڵی و بەرتیل لە پرۆسەی گواستنەوەی یاریزاناندا لادەدات و ئاشکرای دەکات، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کار بە رێگەی نایاسایی و بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاست رێگری لە پەیوەندیکردنی یاریزانان بە یانەکان دەکەن.
هەرێم تەحسین کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی لاوانی کوردستان و یانەکانی هەولیر و دهۆک، رەخنەی تووند لە رەوشی بەڕێوەبردنی کار لە خولەکانی عێراق دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا کەسانێک لەژێر ناوی بەڕێوەبەری کاردا مامەڵەی گوماناوی لە گرێبەستەکاندا دەکەن و تاوەکو بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەر نەکەن، رێگە بە ئەنجامدانی گرێبەست نادەن. دەشڵێت راهێنەرێکی دیاری عێراق داوای لێکردووە لەبری کارگێڕیی یانەکە راستەوخۆ لەگەڵ کەسێکی دیاریکراودا رێکبکەوێت، دوای پەیوەندیکردنی ئەو بەڕێوەبەرەش لە ماوەی 30 چرکەدا مەبەستە نایاساییەکەی دەرکەوتووە و دانوستاندنەکە سەرکەوتوو نەبووە.
ئەو یاریزانە باس لە چیرۆکێکی دیکەی شێواندنی ناوبانگی دەکات لەلایەن یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کارەوە و گوتی "لەگەڵ یانەیەک بە زارەکی گەیشتینە رێککەوتن، بەڵام دواتر نامەیەکم لە راهێنەرەکەوە پێگەیشت گوتی تۆ نەشتەرگەریی بەستەری ئەژنۆت کردووە و بۆچی لێمان دەشاریتەوە؟ پاشان بە ئامادەبوونی راهێنەرەکە پەیوەندیمان بەو کەسەوە کرد زانیارییەکەی دابوو، بە دڵنیاییەوە دەیگوت ئەو بەستەری پساوە و نەشتەرگەری کردووە، راستەوخۆش گوتی من یاریزانێکی دیکەی هێڵی بەرگریم هەیە و بۆتانی دەهێنم".
هەرێم روونیکردەوە ئەو هەرگیز کێشەی پێکانی لە ئەژنۆیدا نەبووە، بەڵام دواتر یانەکە بە بیانووی جیاواز گرێبەستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و هۆشداریش دەدات لەوەی زۆر لە یاریزانانی ئێستا بەهۆی ئەم جۆرە مامەڵانەوە تووشی زیان دەبن.




