رووداو دیجیتاڵ
دوای راگەیاندنی مردنی بارتینای هاوژینی رۆناڵد کومان، یەکێک لە ئەفسانەی گەورەکانی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی هۆڵەندا، لە تەمەنی 65 ساڵیدا، هاندەرانی بارسێلۆنا تووشی دڵتەنگی بوون.
بارتینا کومانی هاوژینی ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا دوای شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد، کە لە کۆتاییدا مزیشکان نەیانتوانی بەسەریدا زاڵ بن.
بارتینا تووشی شێرپەنجەی مەمک ببوو، حاڵەتێک کە رۆناڵد کومان پێشتر بەئاشکرا باسی کردبوو.
چەند مانگێک لەمەوبەر لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، کومان ئاشکرای کرد کە هاوژینەکەی بەرەنگاریی ئەو نەخۆشییە دەبێتەوە، دوای ئەوەی کۆرسێکی درێژخایەنی چارەسەری بۆ کراوە.
پێش دەستپێکردنی دوایین مۆندیال، کە لەو ماوەیەدا کومان بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا بوو، پرسیار لە راهێنەرەکە کرا کە ئایا لەوانەیە هاوژینەکەی بەشداری پاڵەوانێتییەکە بکات؟ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی دایەوە و گوتی "هاتنی بۆ ئەو ئەستەمە، چونکە هەموو چوارشەممەیەک چارەسەر وەردەگرێت و دواتر بۆ ماوەی یەک دوو رۆژ تووشی کاریگەری لاوەکی دەبێت".
کومان هیوای خواستبوو کە هاوژینەکەی بتوانێت گەشت بکات بۆ پاڵەوانێتییەکە ئەگەر هۆڵەندا بگاتە یاریی کۆتایی، لەو کاتەدا رایگەیاندبوو "ئەگەر بگەینە یاریی کۆتایی، لەوانەیە پزیشکەکان رێگەی پێبدەن گەشت بکات؛ ئەوە بە تەواوی نایاب دەبێت"، بەڵام بارتینا نەیتوانی بەسەر ئەو شێرپەنجەیەدا زاڵ بێت کە بۆ ماوەیەکی زۆر شەڕی لەگەڵدا کردبوو.
رۆناڵد و بارتینا کومان لە ساڵی 1985 هاوسەرگیریان کردبوو و سێ منداڵیان هەیە.
رۆناڵد کومان جونیۆر شوێنپێی باوکی کەوت و بوو بە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ؛ کە ئێستا وەک گۆڵپارێز بۆ یانەی تێلستار یاری دەکات.
رۆناڵد کومان لە دوو ماوەی جیاوازدا راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا بوو، لە کۆتاییدا دوای دوایین مۆندیال رۆڵەکەی بەجێهێشت.



