رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید لە بەرگریکردن لە هەڵوێستی یاریزانان ڤینیسیۆس جۆنیۆر، کیلیان ئێمباپێ و ئیبراهیما کۆناتێ نەوەستا، کە پێش یارییەکەی بەرامبەر ئێلچی پەیامی "هەموومان سەبتەین"یان لەسەر درێسەکانیان شاردەوە، بەڵکو خۆی بینی کە بارسێلۆنا بۆ ناو مشتومڕەکان راکێشا لە هەوڵێکدا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەڵوێستەکەی.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، یانەی ریال مەدرید بۆ میدیاکانی نزیک لە یانەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کە بارسێلۆنا پێشتر لەکاتی یارییەکەی بەرامبەر لیڤانتی رەتیکردبووەوە هەمان درێس لەبەر بکات. یانەکە پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی یانە کەتەلۆنییەکە رووبەڕووی کاردانەوەی هاوشێوە نەبووەتەوە، بەڕوونی ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو رەخنانەی لە یاریزانەکانی خۆیان دەگیرێن نابێت تەنیا ئاراستەی ریال مەدرید بکرێن.
سپۆرت ئەو بەراوردکارییەی ریال مەدرید وەک تۆمەتێکی ناڕاستەوخۆی بەرامبەر بارسێلۆنا سەیرکرد، چونکە یانەکە هەوڵیدا بڕیاری دامەزراوە کەتەلۆنییەکە بۆ بەشدارینەکردن لە دەستپێشخەرییەکەدا یەکسان بکاتەوە لەگەڵ کردەوەی سێ یاریزانی تاکەکەسی کە هەڵیانبژارد پەیامەکەی سەر درێسەکانیان بشارنەوە.
لالیگا بۆ پشتگیریکردن لە ئیسپانیبوونی شاری 'سەبتە' هەڵمەتێکی دەستپێکردووە و یانە و یاریزانەکان بەر لە یارییەکان درێسێک لەبەردەکەن کەلەسەر سینگی نووسراوە "ئێمە کوڕانی سەبتەین"، ئەو شارەی کە ناکۆکی لەنێوان مەغریب و ئیسپانیا لەسەری هەیە.
لەسەر درێسەکانی ریال مەدرید لە یارییەکەیان بەرامبەر ئێلچی ئەو رستەیە نووسرابوو، بەڵام ڤینی و کیلیان نەیانهێشت نووسینەکە دەربکەوێت و دواتریش هەر بەیەکجاری لەبەریان کردەوە.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دوو دۆخە یەکسان نین؛ بارسێلۆنا بڕیارێکی دامەزراوەیی دا کە بەشداری دەستپێشخەرییەکە نەکات، لەکاتێکدا رووداوەکەی ریال مەدرید کردەی سێ یاریزانی تاکەکەسی لەناو پێکهاتەکەدا بوو.
سپۆرت تیشکی خستە سەر دەستەواژەیەکی ریال مەدرید لە پەیامەکەیدا بەکاریهێناوە و کەسیش هیچی نەگوتووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە یانەکە هەڵوێستی رابردووی بارسێلۆنای وەرگرتووە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لەنێو ئەو رەخنانەی کە رووبەڕووی ئێمباپێ، ڤینیسیۆس و کۆناتێ بووەتەوە. لە ئەنجامدا، ئیدی مشتومڕەکە تەنیا لە هەڵوێستی یاریزانانی ریال مەدریددا سنووردار نییە سەبارەت بەو پەیامەی سەبارەت بە سەبتە؛ فراوانتر بووە و بووەتە ناکۆکییەکی نوێ کە بارسێلۆنای تێدایە، چونکە یانەی شاهانە هاوتەریبی لەگەڵ هەڵوێستی رکابەرەکەیدا کرد بۆ پاساوهێنانەوە بۆ رووداوەکانی یارییەکەی ئیلچێ.
رۆژنامەی سپۆرت پێیوایە بانگەوازکردنی بارسێلۆنا بۆ بەرگریکردن لە پێگەی ریال مەدرید رێگایەکی نوێ دەکاتەوە بۆ مشتومڕ، بەتایبەتی کە گفتوگۆی سەرەتایی لەسەر کارەکانی سێ یاریزان بوو کە پێش دەستپێکردنی یارییەکە پەیامێکیان لەسەر درێسەکانیان شاردەوە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەو مشتومڕانەی لە دەوری زەلزولیی ئەستێرەی مەغریبیی یانەی ریال بێتیس دێت، کە پێش یارییەکەی تیپەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال درێسێکی پاڵپشتیکردنی سەبتەی لەبەردا بوو، کردەوەیەک کە شەپۆلێکی رەخنە و سووکایەتی لەلایەن زۆر لە مەغریبییەکانەوە لێکەوتەوە.
لە بڵاوکراوەیەکدا، کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە، زەلزولی وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە و نووسیویەتی "سەرەتا دەمەوێت شتێک روونبکەمەوە؛ لە هیچ خاڵێکدا ئەو درێسەی ئاماژەی بە شاری سەبتەی کردبوو بۆ مەبەستی سیاسی یان بەمەبەستی بێڕێزیکردن بە گەلی مەغریب بەکارنەهێنراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "مەبەستی درێسەکە بۆ گەیاندنی پەیامێکی کۆمەڵایەتی بووە، پاڵپشتیکردنی دانیشتوانی هەرێمێک کە رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە، بەبێ گوێدانە نەتەوەیەک".
لە کۆتاییدا دەڵێت "لە هەمانکاتدا ئەمە داوایلێبوردن نییە لە هیچ کەسێک؛ هەرکەسێک بیەوێت ئەم بابەتە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆشەویستیم بۆ وڵاتەکەم بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئازادە لەو کارەدا. سەبارەت بە منیش هەموو رۆژێک بە سەربەرزییەوە بەردەوام دەبم لە ژیانم ، و بەردەوام دەبم لە نوێنەرایەتیکردنی رەچەڵەکەم بە شانازی و خۆبەخشییەوە".



