رووداو دیجیتاڵ
کریستۆڤ دوگاری، ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، هێرشی تووندی کردە سەر عوسمان دێمبێلێ، بەهۆی ناڕەحەتبوونی لە لێدوانەکانی کیلیان ئێمباپێ، پرسیاری کردووە ئەو بۆچی شۆک بووە؟ لە کاتێکدا لە بارسێلۆنا هێندەی پلەی ستەیشن دەکرد، نەدەچووە مەشقەکانی یانەکە.
میدیای فەرەنسا دەڵێن، قسەکانی کیلیان ئێمباپێ، کە گوتبووی من کەسە هەڵبژێردراوەکەم، لەلایەن عوسمان دێمبێلێوە بەناڕەحەتی وەرگیراون و ئەو یاریزانە لە لێدوانەکانی کاپتنی هەڵبژاردەکەی تووڕەیە.
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، دێمبێلێ و کەسە نزیکەکانی، ئاسوودەنەبوون بەقسەکانی ئێمباپێ کە باسی خۆی و پێگەی خۆی کردووە، ئەگەرچی بوونی ناوی ئەو وەک یەکێک لە بەربژێرانی سەرەکی بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر، رووداوێکی ئاسایی بووە.
قسەکانی ئێمباپێ دابەشبوونێکی بەرچاوی لە نێو ناوەندە وەرزشی و میدیاییەکانی فەرەنسا دروستکردووە، جیرۆم رۆسین، لە تۆڕی 'ئار ئێم سی سپۆرت' باسی لە بوونی خیانەت کردووە لەلایەن ئێمباپێوە، بەرلەوەی ئاماژە بەبوونی ناکۆکی لە نێو هەڵبژاردەی فەرەنسا لە نێوان هەردوو یاریزانەکە کردووە.
دوگاری کە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا نازناوی مۆندیالی 1998ی بردووەتەوە، ئەو چیرۆکەی رۆسین رەتدەکاتەوە و داوایکردووە ناوی ئەو یاریزانانە ئاشکرا بکات، کە بەقسەی ئەو هەریەکەیان پشتگیری یاریزانێک دەکەن و لە دووبەرەی جیاوازدان.
دوگاری دەڵێ، ئەوەی لەبارەی یاریزانەکانەوە دەیانڵیی، من ناوم دەوێت، تۆ دەڵێی هەڵبژاردەکە بووە بەدووبەشەوە، باوەڕم بەو قسە بێمانایانە نییە، پێم بڵێ عوسمان لەبەرچی نیگەرانە؟ ئەو دووجار چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە و باڵۆندۆری بەدەستهێناوە.
رووی دەمی کردووەتەوە عوسمان و دەڵێ، تۆ و کیلیان لە تەمەنی 15 ساڵییەوە یەکدی دەناسن. ئایا تووڕەدەبیت بەهۆی چاوپێکەوتنێکەوە کە کیلیان بەدرێژایی کاتەکە باسی خۆی تێدا کردووە؟ ئەو هیچی گوتووە لەسەر تۆ، تاوەکو پێی نیگەران بیت؟
دوگاری پێیوایە، قسەکانی ئێمباپی هیچ بێڕێزییەکیان بەرامبەر عوسمان تێدا نییە. قسەکان تەنیا خستنەڕووی جیاوازییە گەورەکەی نێوان کەسایەتیی دوو یاریزان و شێوازی مامەڵەی هەردووکیانە لەگەڵ تۆپی پێ و ناوبانگدا.
دوگاری زیاتر دەڵێ، ئەوەی کیلیان وتوویەتی راستییەکەیە. لەبیرمە کاتێک دێمبێلێ لە بارسا بوو، بەیانیان نەیدەتوانی زوو لەخەو هەڵبستێت و بچێتە مەشقەکان، چونکە بەدرێژایی شەو خەریکی پلەی ستەیشن بوو. دیمبێلێ ئەستێرە دژبەیەکەکەیە و هەر ئەوەش نهێنی سەرکەوتنیەتی. عەقڵیەتی ئەستێرەی دژی هەیە، ئەوە دوو تێڕوانینی جیاوازن بۆ دونیای تۆپی پێ، هەروەها دوو شێواز و دوو کەسایەتیی جیاواز.
ئەو یاریزانەی پێشووی فەرەنسا بەدووری دەزانێت، ناکۆکییەکی روون بۆ دروستبوونی تەنگژەیەکی راستەقینە لە نێوان هەردوو یاریزاندا هەبێت، ئاماژەی بەوەداوە کە دێمبێلێ کاروانی خۆی لەسەر کەسایەتییەکی تەواو جیاوز لە ئێمباپێ بونیادناوە.
ئەو دەڵێ، نازانم بۆچی وەک دەڵێن، عوسمان شۆک بووە؟ ئەو هەموو کات وەک کەسایەتییەکی خۆپارێز و شەرمن و داخراو خۆی ناساندووە، کە رۆحێکی بەکۆمەڵی گەورەی هەیە. ئەو کاروانی خۆی وا دروستکردووە و هەر بەو شێوەیەش بردنەوەی بەدەستهێناوە.
دوگاری دەڵێ، لە کاتێکدا عوسمان باوەڕی بەو فەلسەفەیە هەیە لە ژیاندا، کیلیان تەواو پێچەوانەیە، ئەگەر هاوڕێیەتی نێوان نەتوانێت بەسەر بابەتێکی لەو شێوەیەدا زاڵ بێت، کەواتە لە بنەمادا هاوڕێیەتییەکەیان لەسەر بنەمایەتی پتەو نەبووە.
وێڕای بەردەوامبوونی ئەو لێدوانە جیاوازانە لەبارەی لێکەوتەکانی قسەکەی ئێمباپێ، میدیای فەرەنسا پێشبینیدەکەن لە کۆبوونەوەی داهاتووی یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بۆ سێ یاریی داهاتوو، ئەو ناکۆکییە چارەسەر ببێت.



