رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، لەبەردەم هەنگاوێکی گەورە و گرنگدایە، بۆ ئەوەی بچێتە پێشەنگی ریزبەندی خولی تورکیا و پلەی یەکەم وەربگرێت، کاتێک میوانداریی یەکێک لە نێودارترین یانە وەرزشییەکانی ئەو وڵاتە دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی سوپەرلیگی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگا و هاندەرانی میوانداریی یانەی بێشکتاش دەکات، یارییەکە کاژێر 20:00 لە ئامەد بەڕێوەدەچێت.
چاوەڕوانییەکی زۆر لەسەر ئاستی باکووری کوردستان، تورکیا و جیهان بۆ ئەم یارییە گرنگ و بەهێزە هەیە و هەردوو تیپ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە سوپەرلیگدا بەرامبەر یەکدی یاریی دەکەن و ئەستێرە دیارەکانی بێشکتاش میوانی ئامەدسپۆرن.
هاندەران بەلێشاو داوای بلیت دەکەن
یانەی ئامەدسپۆر لە دوای سەرکەوتنی بۆ سوپەرلیگ، نێوبانگێکی زۆر زیاتری پەیداکرد و هاندەرانی یانەکە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن و خواست لەسەر بینینی یارییەکانی یانەکەش زیاتر دەبێت.
لەو کاتەوەی ئامەدسپۆر لە سوپەرلیگ یاریی دەکات، ئەمە چوارەم یارییە لە یاریگای خۆی ئەنجامیدەدات و لە سێ یارییەکەی رابردوودا پەیداکردنی بلیتی یارییەکانی یانەکەی باکووری کوردستان زۆرترین خواستی لەسەر بووە.
رۆژی هەینی بلیتەکانی یاریی بەرامبەر بێشکتاش خرانە بازاڕ و لە ماوەی کەمتر لە 15 خولەکدا زیاتر لە 30 هەزار بلیت فرۆشران و بلیتەکانی یارییەکە تەواو بوون.
30 هەزار هاندەر لە یاریگادا سەیری یارییەکانی ئامەدسپۆر دەکەن، بەڵام ملیۆنان کورد لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان چاوەڕێی یارییەکانی یانەکە دەکەن و بە سەرکەوتنەکانی تیپەکە دڵخۆشن.
ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا
یانەی ئامەدسپۆر لەم وەرزەی سوپەرلیگدا، تاوەکو ئێستا پێنج یاریی ئەنجامداوە، سێ یاریی بەرامبەر یانەکانی ئەرزرووم سپۆر، ترابزۆن سپۆر و باشاکشەهیر بردووەتەوە، لە یارییەکدا بەرامبەر کۆجەلی سپۆر دۆڕاوە و بەرامبەر یانەی قاسم پاشا یەکسانبووە.
کەسک و سوور، لە دوایین یارییدا بەرامبەر ئیستەنبوڵ باشاکشەهیر یارییکرد، هەمووانی بە ئاستە بەرزەکەی سەرسامکرد و بەسەرکردایەتیی گیفت ئۆربان، بردنەوەیەکی مێژوویی بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر تۆمارکرد و سێ خاڵی دیکەی بردەوە.
ئەو بردنەوەیە دووپاتکردنەوەی ئەوەبوو، کە سەرکەوتنی ئامەدسپۆر بەرامبەر ترابزۆن سپۆر رێککەوت نەبووە، بەڵکو بەرهەمی ماندووبوون و ئاستبەرزیی تیپەکە بووە.
ئامەدسپۆر 12 گۆڵی لە 5 یاریی رابردوودا تۆمارکردووە، بە تێکرای 2.4 گۆڵ بۆ هەر یارییەک، 5 گۆڵی لێکراوە و بەرامبەر ئەرزرووم سپۆر و باشاکشەهیر گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.
گیفت ئۆربان، ئەستێرەی نەیجیریی یانەی ئامەدسپۆر، ئەستێرەیەکی دیاری ئەم وەرزەی سوپەرلیگە، یاریزانەکە تاوەکو ئێستا 6 گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵێکی دروستکردووە، ئێستا رکابەریی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی دیاری میسر و یانەی ترابزۆن سپۆر دەکات و هەمان ژمارەی گۆڵەکانی ڤیکتۆر ئۆسیمێن، ئەستێرەی نەیجیری و یانەی گاڵاتەسەرای هەیە.
ئامەدسپۆر بەبردنەوە مێژووییەکی نوێ دەنووسێتەوە
یانەی ئامەدسپۆر لەبەردەم هەلێکی گەورە و مێژووییدایە، بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار بچێتە پێشەنگی ریزبەندی خولی تورکیا، بۆیە بردنەوەی ئەم یارییە بۆ یانەکە گرنگی و مانایەکی زۆر گەورەی هەیە.
دوای ئەوەی یانەی گاڵاتەسەرای بەرامبەر ترابزۆن سپۆر تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو و بە 4-0 سێ خاڵی لەدەستدا، ئێستا هەلێکی گەورە بۆ ئامەدسپۆر هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی خۆی بگەیێنێتە پێشەنگی خولەکە.
ئامەدسپۆر لە ئەگەری بردنەوەی لە بێشکتاش، ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ گاڵاتەسەرای یەکساندەکاتەوە و دەبێتە خاوەنی 13 خاڵ، بەڵام بە جیاوازیی گۆڵ یانەکەی باکووری کوردستان پێشەنگی ریزبەندی سوپەرلیگ وەردەگرێت و دوای ئەوەش ماوەی نزیکەی 20 رۆژ خولەکە بەهۆی پشووی نێودەوڵەتییەوە رادەوەستێت.
بێشکتاش لەم وەرزەدا
یانەی بێشکتاش، یەکێک لە نێودارترین یانەکانی تورکیایە، تیپەکە بەهای ئێستای بەپێی ترانسفێر مارکێت دەگاتە سەرووی 266 ملیۆن یۆرۆ و خاوەنی چەند ئەستێرەی دیارە.
ڤینچێنزۆ ئیتالیانۆ، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی راهێنەرایەتیی ئەو یانەیە دەکات و دوشان ڤلاهۆڤیچ، هێرشبەری سێربی و گۆڵکاری پێشووی یوڤێنتوس، سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی یانە رەش و سپییەکە دەکات.
بێشکتاش، لەم وەرزەی خولی تورکیادا، لە پێنج گەڕی رابردوودا 4 یاریی بردووەتەوە و تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، 12 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 گۆڵی لێکراوە، یانەکە خاوەنی 12 خاڵە و لە پلەی دووەمی ریزبەندە، ئەوانیش بەبردنەوەی یارییەکە دەچنە پێشەنگی ریزبەندی سوپەرلیگ.
بێشکتاش، لەو یارییەدا کە دۆڕاوە، بەرامبەر ئالانیاسپۆر بووە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە، ئەمشەویش لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات و رووبەڕووی تیپێک دەبێتەوە، هاندەرانی پێش یارییەکە و دوای یارییەکەش لە هاندان ناوەستن و رۆڵی گەورەیان لە ئەنجامەکانی یانەکەیاندا هەیە، بۆیە ئەرکی ئاسان نییە.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ئامەدسپۆر
بۆ یارییەکەی بەرامبەر بێشکتاش، چاوەڕواندەکرێت یانەی ئامەدسپۆر هیچ گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا نەکات و بەهەمان پێکهاتەی یاریی رابردوودا رووبەڕووی بێشکتاش ببێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکان چاوەڕواندەکرێت، پێکهاتەی ئامەدسپۆر 4-2-3-1 بێت بۆ ئەم یارییە و بەمشێوەیە یاریزانەکانی دابەش بکات.
گۆڵپارێزی؛ ئەلبان لافۆنت
بەرگریکار؛ ئێرمال کراسنیقی، لومبارد دێلۆڤا، داڤید باتێس، ئوموت مەراش
چەقی ناوەڕاست؛ رایان راڤێلۆسۆن ، فورکان سۆیالپ
ناوەڕاست؛ ساموێل بالێت، دیا سابا، محەممەد خەلیل
هێرشبەر؛ گیفت ئۆربان
بۆ ئەم یارییەش هاوشێوەی یارییەکانی رابردوو، بەسنک هاسی، راهێنەری ئامەدسپۆر ناتوانێت سوود لە تواناکانی یێرا سۆر وەربگرێت، بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی یانەی بێشکتاش
بێشکتاش خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزە، چاوەڕواندەکرێت ڤیچێنزۆ ئیتالیانۆ یارییەکە بە پلانی 4-1-4-1 ئەنجامبدات و یاریزانەکانی بەمشێوەیە دابەش بکات.
گۆڵپارێز؛ ئەلیکساندەر نۆبڵ
بەرگریکار؛ ئەمیر مورییۆ، ئەمیرهان توپچۆ، ئیمانوێل ئەگبادۆ، ردڤان یەڵماز
چەقی ناوەڕاست؛ ساڵح ئۆزجان
ناوەڕاست؛ ئێرنێست پۆکو، جونیۆر ئۆلایتان، ئۆرکۆن کۆکچو، ئیلهان فاکیلی
هێرشبەر؛ دوشان ڤلاهۆڤیچ
لە یارییەکەی بەرامبەر ئامەدسپۆر، لیۆنار ترۆسار، ئەستێرەی بەلجیکی و یاریزانی پێشووی یانەی ئارسیناڵ، کە لە گواستنەوەی هاوینەدا پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد بەهۆی پێکانەوە بەشداری ناکات و لەگەڵ شاندی یانەی بێشکتاش گەشتی نەکردووە.




