رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵبژاردەی عێراق لە رێگای فڕۆکەخانەی بەغدا گەشتی وڵاتی سعودیە بکات، بەمەبەستی بەشداریکردن لە یارییەکانی جامی کەنداو.
جامی کەنداوی عەرەبی 27 لە شاری جەدە رۆژی بیست و سێی ئەم مانگە دەستپێدەکات، رکابەرییەکانی دوو هەفتە دەخایەنێت، هەڵبژاردەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون بەمشێوەیە:
کۆمەڵەی یەکەم: عێراق، سعودیە، عومان و کوێت.
کۆمەڵەی دووەم: یەمەن، ئیمارات، قەتەر و بەحرەین.
هەڵبژاردەی عێراق دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کاژێر 14:00 گەشت بەرەو سعودیە دەکات، کاژێر 16:30 تیپەکە دەگاتە شاری جەدە، ئەمڕۆ پشوو دەدەن و سبەی دووشەممە تیپەکە دەست بە مەشق و راهێنان دەکات، رۆژی چوارشەممە عێراق لە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی کوێت دەکات.
لە گەشتی هەڵبژاردەی عێراق بۆ شاری جەدە تەنیا یاریزانەکانی خولی ناوخۆیی لەگەڵە، ئەستێرەکانی تیپەکە لە وڵاتانی ئەورووپا و دەرەوە خۆیان بەجیا گەشت دەکەن و لە شاری جەدە پەیوەندیی بە هەڵبژاردەکە دەکەن، رۆژی دووشەممە هەریەک لە ئەیمەن حوسێن، زەید تەحسین، عەلی حەمادی و مێرخاس دۆسکی پەیوەندی بە تیپەکە دەکەن، رۆژی سێشەممە یوسف نەسراوی دەگاتە مەشقەکان.
بەر لە پەیوەندیکردن بە مەشقەکانی هەڵبژاردەی عێراق و پێنجەمین بەشداریکردنی لە جامی کەنداو ئیبراهیم باییش، ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەکە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "بەدڵنیاییەوە هەموو یاریزانەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش یاریی دەکەین، هەموو هیوایەکمان ئەوەیە بتوانین نازناوەکە ببەینەوە".
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق هەریەک لە مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم و محەممەد دلاوەر سێ ئەستێرەی کوردن.
محەممەد ساڵح، گۆڵپارێز بە تەمەنترین ئەستێرەیە لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق کە 31 ساڵە، یوسف نەسراوی بچوکترینیانە کە 19 ساڵە.
لە مێژووی یارییەکانی جامی کەنداو هەڵبژاردەی کوێت خاوەن زۆرترین نازناوە کە 10 جار پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە، هەڵبژاردەی عێراق لە پلەی دووەم دێت کە 4 نازناوی بردووەتەوە.



