رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر لە هەفتەی شەشەمینی سووپەرلیگی تورکیادا، سەرکەوتنێکی مێژوویی لە بەرامبەر یانەی بێشیکتاش تۆمار کرد و بە ئەنجامی 3-2 یارییەکەی بردەوە.
ئەمڕۆ، یارییەکە لە کاژێر 20:00 لە شاری ئامەد بەڕێوەچوو. یاریگەی ئامەد سپۆر کە 30,000 کەسی دەگرێت، بە تەواوی پڕ ببوو، بە جۆرێک بە دەیان هەزار هاندەر بەهۆی نەبوونی بلیتەوە لە دەرەوەی یاریگە مانەوە. ئامەدسپۆر بە پاڵپشتیی هاندەرانی، بە بەهێزی دەستی بە یارییەکە کرد.
لە خولەکی 13دا، (گیفت ئۆربان) بە لێدانێکی بەهێز و لە دوورەوە یەکەم گۆڵی بۆ ئامەدسپۆر تۆمار کرد. دواتر و لە خولەکی 22دا، (دیا سابا) گۆڵی دووەمی یانەکەی تۆمار کرد و گێمی یەکەم بە ئەنجامی 2-0 بۆ یانە کوردییەکە کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا، بێشیکتاش هێرشەکانی چڕ کردەوە و لە خولەکی 54دا (دۆشان ڤلاهۆڤیچ) گۆڵی یەکەمی بۆ میوانەکان تۆمار کرد. بەڵام ئامەدسپۆر زوو وەڵامی دایەوە و لە خولەکی 59دا، (ئوموت سویالپ) سوودی لە هەڵەی بەرگرییکارانی بێشیکتاش وەرگرت و ئەنجامەکەی کردە 3-1.
لە دوا چرکەکانی یارییەکە و لە خولەکی 90+8دا، (ئۆرکون کۆکچو) بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی بۆ بێشیکتاش تۆمار کرد، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە و یارییەکە 3-2 کۆتاییهات.
بە بەدەستهێنانی ئەم 3 خاڵە، ئامەدسپۆر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 13 خاڵ و بە فەرمی سەرکەوت بۆ لووتکەی ریزبەندیی خولی نایابی تورکیا.



