رووداو دیجیتاڵ
زینەدین زیدان، لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەستبەکاربوو و خۆی بۆ چوار یاریی سەرنجڕاکێش لە نەیشنسلیگ ئامادەدەکات.
هەڵبژاردەکەدا لە شوێنی تایبەتی خۆی لە کلایرفۆنتێن، یەکەم مەشق و راهێنانەکانی لەژێر سەرپەرشتی زینەدین زیدان ئەنجامدا، دوای ئەوەی ئەو راهێنەرە لە شوێنی دیدێ دیشام، مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی وەرگرت.
زیزۆ بە دڵخۆشی و ئارامییەکی زۆرەوە کاروانێکی نوێی کارکردنی دەستپێدەکات، چەند یاریزانێکی نوێی بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کردووە، لەوانەش ماگنس ئاکلیۆش، یاریزانی لاوی یانەی پاریس سانجێرمان، دوای ئەوەی زایر ئێمری تووشی پێکانبوو و نەیتوانی پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەوە بکات.
جگە لەوە ژین بۆتێزی گۆڵپارێزی یانەی کۆمۆ بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کراوە، دوای ئەوەی رۆبن ریسێری، گۆڵپارێزی یانەی لانس بەهۆی پێکانەوە دوورخرایەوە.
رۆژی 18ـی ئەم مانگە، زینەدین زیدان لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسای بۆ چوار یاریی داهاتوو راگەیاند، ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو، بانگهێشتکردنەوەی ئێدوارد کاماڤینگا، یاریزانی یانەی ریال مەدریدە، لەکاتێکدا لە ماوەی رابردوودا بەهۆی پێکانی زۆر و دابەزینی ئاستییەوە لەلایەن دیشامەوە دوورخرابووەوە.
فەرەنسا، لە سەرەتای یارییەکانی نەیشنسلیگدا، رۆژی هەینی کاژێر 21:45 بەرامبەر هەڵبژاردەی تورکیا یاریی دەکات، دوای ئەوە رۆژی 28ـی ئەم مانگە بەرامبەر بەلجیکا یاریی دەکات.
رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو، فەرەنسا لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یاریی دەکات، دوای سێ رۆژ لەو یارییەش جارێکی دیکە تیپەکەی زینەدین زیدان بەرامبەر بەلجیکا یاریی دەکاتەوە.
زینەدین زیدان، ماوەیەکی درێژ لە راهێنەرایەتی دوورکەوتەوە، بە ئامانجی ئەوەی خەونی وەرگرتنی راهێنەرایەتیی فەرەنسا بکاتە راستی، ئێستا چاوەڕوانیی ئەو و هاندەران بۆ وەرگرتنی پۆستەکە کۆتاییهاتووە و هەمووان چاوەڕێن زیزۆ فەرەنسا بکاتە تیپێکی رکابەر بۆ بردنەوەی نازناوەکان.
زیزۆ پێشتر وەکو یاریزان نازناوی مۆندیالی 1998 لەگەڵ فەرەنسا بردووەتەوە و ساڵی 2000 بووە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا.



