رووداو دیجیتاڵ خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا بە تووندی هێرشی کردە سەر ریال مەدرید و داوای لێکردن لە وەهمی پیلانگێڕی و بیانووی بڕیارەکانی ناوبژیوان بێنە دەرەوە و کێشە راستەقینەکانی نێو یاریگایان چارەسەر بکەن. دوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی ریال مەدرید و میدیاکانی نزیک لە یانەکە سەبارەت بە بڕیارەکانی ناوبژیوانی یاریی دێربی مەدرید، خاڤیێر تێباس رەتیکردەوە هیچ بەئامانجگرتنێکی پێشوەختە دژی ئەو یانەیە لە ئارادابێت. تێباس لە لێدوانێکیدا گوتی "کاتێک بابەتی نێگرێرا نییە، باس لە ناوبژیوان دەکرێت، کاتێک ئەوەش نامێنێت دەڵێن ناوبژیوانەکە نێودەوڵەتی نییە، هیچ یانەیەک مافی ئەوەی نییە ناوبژیوانی یارییەکانی دیاری بکات، هەموو ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی یان نانیودەوڵەتی مافی بەڕێوەبردنی یارییەکانی هەر یانەیەکی لە خولەکەدا هەیە". سەرۆکی لالیگا ئاماژەی بەوە کرد باسکردنی بەردەوامی دەستەواژەی پیلانگێڕی، تەنیا بیانوویەکە بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییە هونەری و تاکتیکییەکانی یانەی شاهانە لە دەستپێکی ئەم وەرزەدا و گوتی "بانگەشەکردنی ئەوەی ناوبژیوانان بە ئەنقەست دژی ریال مەدرید ئاراستە دەکرێن، وەک ئەوە وایە لە گەلەئەستێرەیەکی دیکەدا بژین، ئەنجامدانی هەڵەیەک یان دووبارەبوونەوەی لە ماوەی چەند ساڵێکدا، بە مانای بوونی پیلانگێڕییەکی رێکخراو نایەت". سەبارەت بە بەهای خولەکەش، تێباس دانی بە گرنگی مێژوویی ریال مەدریددا نا، بەڵام دووپاتیکردەوە کە بەهای لالیگا تەنیا لە یەک یانەدا کورت نابێتەوە و بەبێ ئەویش خولەکە خاوەن پێگەی خۆیەتی، چونکە کەمکردنەوەی بەهای یانەکانی دیکە بێڕێزییە بەرامبەر مێژوویان. ئەم رەخنانەی تێباس دوای ئەوە دێن کە ناوبژیوانی دێربی مەدرید لەنێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی نوێ لەنێوان مێرێنگێ و بەرپرسانی خولەکەدا.