رووداو دیجیتاڵ
ریکاردۆ کاکا، ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل، لەسەر هەوڵەکانی بۆ رزگارکردنی ژیانی هاوسەرگیرییەکەی پێش جیابوونەوە قسە دەکات و وا نیشانی دەدات کە هەموو شتێکی کردووە لەپێناو پاشگەزکردنەوەی هاوژینەکەی لە بڕیاری جیابوونەوە، بەڵام ئەو سوور بووە لەسەر جیابوونەوە.
کارۆلین سێلیکۆ، هاوژینی پێشووی کاکای یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل لە ساڵی 2015 داوای لە کاکا کرد کە دەیەوێت جیاببنەوە و هەرچەند کاکا زۆر هەوڵیدا ئەوە روونەدات، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر جیابوونەوەکە و ئەوەی کارۆلینا دەیویست بەدەستیهێنا.
کارۆلینا دواتر ئاشکرایکرد، جیابوونەوەکەیان بەهۆی ناپاکی یان ناکۆکی نێوانیانەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی ئەوەبووە کە کاکا لە هەموو روویێکەوە زۆر کامڵ و بێ کەموکوڕی بووە.
ئەو خانمە هەروەها رایگەیاند کە کاکا هاوژین و باوکێکی ئایدیاڵ بووە؛ مامەڵەی باشی لەگەڵدا دەکرد، خێزانێکی نایابی پێبەخشی و هەرگیز فێڵی لێ نەکردووە.
کاکا لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا باسی ئەو بابەتە دەکاتەوە و دەڵێت "هەموو شتێکم کرد بۆ رزگارکردنی ژیانی هاوسەرگیریم، بەڵام شتێکی گرنگ فێربووم؛ ناتوانیت کەسێک ناچار بکەیت لەگەڵت بمێنێتەوە ئەگەر پێشتر بڕیاری رۆیشتنی داوە".
ئەو هەروەها دەڵێت "لەساڵی 2015 هاوژینەکەم پێیگوتم چیدی نایەوێت بە هاوژینی بمێنێتەوە. من دەستم بە بیرۆکەی شەڕکردن بۆ پەیوەندییەکەمان گرت و بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە دەتوانین ئەوەی جاران هەمانبوو بیگەڕێنینەوە. کتێبێکم خوێندەوە کە پێشنیازی ئاڵنگارییەکی 40 رۆژەی دەکرد بۆ وەرگرتنەوەی هاوبەشەکەی، منیش دووجار ئەو گەشتەم کرد".
کااکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی"دیاری و نامە و سوپرایزم پێدا و بە هەموو رێگایەک هەوڵمدا بۆ رزگارکردنی ژیانی هاوسەرگیریمان، بەڵام بەردەوام دەیگوت 'نامەوێت بەردەوام بم لەسەر ئەمە'".
ئەستێرە بەرازیلییەکە زیاتر دەڵێت "ئەوە شۆکێکی تووند بوو. وەک مەسیحییەک، جیابوونەوە هەرگیز بەشێک نەبووە لە پلانەکانم، چونکە باوەڕم وابوو هاوسەرگیریی بەمەبەستی بەردەوامبوونی تەمەنێکە، بەڵام چی بکەیت کاتێک کەسی بەرامبەر نایەوێت بەردەوام بێت؟ من تاوەکو کۆتایی شەڕم کرد، تاوەکو درکم بە شتێکی گرنگ کرد: خۆشەویستی ناتوانرێت بەزۆر بکرێت".
کارۆلین دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دیکە کرد بەناوی ئیدواردۆ سکاربا جۆلیاو.




