رووداو دیجیتاڵ گرژی و ئاڵۆزی باڵی بەسەر یانەی ریال مەدریددا کێشاوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی ئاستی یانە شاهانەکە کە لە 4 یاریی کۆتایی خولی ئیسپانیادا تووشی 2 دۆڕان بووە، بەمەش بە جیاوازیی 6 خاڵ لە دوای بارسێلۆنای پێشەنگەوەیە. ئەوەی دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، وەک رۆژنامەی 'مۆندۆ دێپۆرتیڤۆ' ئاماژەی پێداوە، سەرهەڵدانی یەکەم خاڵی ناکۆکی و کێشەیە لە نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە و جۆزێ مورینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی. رۆژنامەکە ئاشکرایشی کردووە کە نیشانەی پرسیاری گەورە لەسەر کەسایەتی پێرێز دروستبووە؛ تەنیا دوو مانگ و نیو دوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی یانەکە بۆ 4 ساڵی داهاتوو، گومان دەکرێت لەوەی بتوانێت خولەکەی تاوەکو ساڵی 2030 تەواو بکات. نیشانەکانی ماندووێتی بە روونی بە فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە دیارن و بڕیارێک دەدات کە لە رابردوودا لێی نەبینراوە کاتێک خاوەنی دەسەڵاتێکی رەها و بێ رکابەر بوو، تەنانەت هەندێک پێیان وایە یانەکە ئێستا فەرماندەیەکی روون و دیاری لە لووتکەی دەسەڵاتدا نییە. سەرچاوەکە ئاماژە بەوەش دەکات بەهۆی ئەم هۆکارانەوە، لە نێوخۆی ریال مەدرید هەست بە پێویستیی دۆزینەوەی کەسێکی گونجاو دەکرێت بۆ شوێنگرتنەوەی پێرێز؛ کەسێک کە بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست و تەواوی مەرجە یاساییەکانی دەستووری یانەکەی تێدا بێت، هاوکات رەزامەندی سەرۆکی ئێستاشی لەسەر بێت. بە پێچەوانەوە، مەترسیی روودانی پاشگەزبوونەوە و گۆڕانکاریی تووند لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەیە، کە رەنگە ببێتە هۆی هەڵبژاردنی ئینریکێ ریکێلمی، دوایین رکابەری پێرێز لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا ئەگەر سەرۆکی ئێستا خولەکەی کۆتایی پێبهێنێت، ئەمەش دڵەڕاوکێ و نادیارییەکی زۆری لە نێوخۆی ریال مەدریددا دروستکردووە.