رووداو دیجیتاڵ
زینەدین زیدان بڕیاریداوە شوێنی یارییکردنی سێ یاریزانی سەرەکی هەڵبژاردەکەی بگۆڕێت و لەمەودوا بەو سیستمە کاربکات، لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی یەکەم دەرکەوتنی ئەو دەکات، وەک راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا.
زینەدین زیدان، لەگەڵ یاریزانەکانی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی تورکیا، لە یەکەم یاریی نێوانیان لە نەیشنسلیگ ئامادە دەکات.
میدیای فەرەنسا پێشبینیدەکەن زیزۆ بە پلانی 4 - 3 - 3 یاریی بکات، ئەوەش شێوازێکی جیاوازە لەوەی دیدێ دیشامی راهێنەری پێشوو، لەگەڵ هەڵبژاردەکە پەیڕەوی دەکرد.
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی دەڵێ، زیدان لە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریزانەکان لە سەنتەری مەشقەکانی هەڵبژاردەکە لە کلیرفۆنتین، ئەوەی بەیاریزانەکانی گوتووە و دواتریش لە مەشقەکاندا جێبەجێی کردووە، کە یارییکردنی کیلیان ئێمباپێیە لە باڵی چەپی هێرشبەری هەڵبژاردەکە، لە کاتێکدا عوسمان دێمبێلێ وەک هێرشبەری سەرەڕم دەبێت و میشێل ئۆلیسێ لە باڵی راست دەبێت.
لە هێڵی ناوەڕاستدا، پێشبینیکراوە مانۆ کۆنێ لە چەق بێت، لەگەڵ هەریەکە لە ئەدریان رابیۆ و رەیان شەرقی وەک یاریزانانی ناوەڕاست و هاوکار لە پێکەوە بەستنەوەی هێڵەکانی هەڵبژاردەکە.
ئەگەرچی ئێمباپێ بەشداری لە مەشقەکانی رۆژی سێشەممەی هەڵبژاردەکەدا نەکردووە، بەهۆی ئەنفلۆنزاوە و تەنانەت لەگەڵ هاوتیپەکانی نانی نەخواردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەر لە یارییەکەی تورکیا، ئامادەبێت.
رۆژنامە فەرەنسییەکە دەڵێ، "بژاردەی هێرشبەریی روون لە مێشکی زیداندا بریتییە لە یارییکردنی عوسمان وەک هێرشبەری سەرەڕم، کیلیان لای چەپ و پشتبەستن بە شێوازی 4 - 2 - 3 - 1 بەچوونی ئۆلیسێ بۆ پلەی مەیکەر، وەکئەوەی دیشام لە دوایین رۆژەکانی مەشقدانی هەڵبژاردەکەدا پەیڕەوی دەکرد.
بڕیارێکی دیکەی زیدان، هێشتنەوەی کیلیان ئێمباپێیە بە کاپتنی هەڵبژاردەکە، لەگەڵ دەستنیشانکردنی سێ یاریزانی دیکە وەک کاپتنەکانی دوای ئەو، بەپێی ژمارەی بەشدارییان لەگەڵ هەڵبژاردەکە.
کاپتنی دووەمی فەرەنسا، دێمبێلێ دەبێت لەبەرئەوەی 67 یاریی کردووە، دوای ئەو ئەدریان رابیۆ کە 66 یاریی هەیە و پاشئەویش ژوول کوندێ کە خاوەنی 56 یارییە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا.



