رووداو دیجیتاڵ هەڵبژاردەی عێراق لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداوی 27 لە یارییەکی پڕ لە رکابەری و دراماتیکیدا، بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی کوێتدا بەدەستهێنا. لە چوارچێوەی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا، گێمی یەکەمی رووبەڕووبوونەوەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، بەڵام لە دەستپێکی گێمی دووەم و لە خولەکی 52 زێدان ئیقبال گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد. لە بەرامبەردا لە خولەکی 75 یوسف ناسر لە رێگەی لێدانی سزاوە ئەنجامەکەی بۆ کوێت یەکسانکردەوە. لە خولەکی 83 سەیف رەشید جارێکی دیکە عێراقی بە گۆڵی دووەم پێشخست، بەڵام یوسف ناسر لە خولەکی 90 گۆڵی دووەمی خۆی و کوێتی هێنایە بەرهەم و یارییەکەی گەیاندە ئەنجامی 2-2. لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕوانی فیکەی کۆتایی بوون، لە خولەکی 99ـی کاتی زیادکراودا کەرار نەبیل بە لێدانێکی یەکلاکەرەوە گۆڵی سێیەمی بۆ عێراق تۆمارکرد و سەرکەوتنێکی بەنرخی بەدەستهێنا. بەم بردنەوەیە، هەڵبژاردەی عێراق کۆی خاڵەکانی گەیاندە 4 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی چووە پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەم، لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئەنجامی یاریی نێوان سعودیە و عومان دەکات.