رووداو دیجیتاڵ
دوای دەنگدانی یاریزانانی هەڵبژاردەی کۆماری ئێرلەندا، بڕیاردرا ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە یارییەکەیان بەرامبەر ئیسرائیل لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپا بکەن، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە یاریزانان دەیانەوێت بایکۆتی یارییەکە بکەن وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە شەڕی غەززە.
یەکێتیی تۆپی پێی ئێرلەندا رایگەیاند کە یاریزانەکان دەنگیان بە ئەنجامدانی هەردوو یارییەکانیان لە نەیشنسلیگ بەرامبەر ئیسرائیل دا؛ یەکەمیان ئەمڕۆ لە شاری دیبریسنی هەنگاریا و دووەمیان لە 4ـی ئۆکتۆبەر لە شاری باچکا تۆپۆلا لە سڕبیا بەڕێوەدەچێت.
دەیڤید کۆرێل، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئێرلەندا، رایگەیاندووە "زۆرینەی یاریزانان خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی هەردوو یارییەکە دوای چەند رۆژێک گفتوگۆی ناوخۆیی لەناو پێکهاتەکەدا".
هایمیر هالگریمسۆن، راهێنەری ئێرلەندا ئاشکرایکرد، یاریزانێکیان کە ناوی نەهێناوە، پێش یارییەکان بڕیاری کشانەوەی لە پێکهاتەکەی داوە. روونیشیکردووەتەوە، هیچ کەسێک هەست بە ئاسوودەیی ناکات لە ئەنجامدانی ئەم یارییانە، بە هۆکاری جیاواز، ئێمەش هەوڵدەدەین بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین.
یەکێتیی تۆپی پێی ئیسرائیل پێشوازی لە بڕیارەکەی هەڵبژاردەی ئێرلەندا کرد و رایگەیاند کە "ئەوەی ئەمڕۆ دڵخۆشمان دەکات سەرکەوتنێکە بۆ تۆپی پێ" و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوانەی هەوڵیان دەدا ترس و دووبەرەکی بچێنن، یان یاریگای تۆپی پێ بکەنە گۆڕەپانێکی سیاسی، دۆڕان.
بەگوتەی کورێل، یاریزانە ئێرلەندیەکان رۆژی یەکشەممە قسە لەگەڵ میدیاکان ناکەن و وەک ماتەمینی بۆ قوربانیانی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قۆڵبەستی رەش لەبەردەکەن. پێش یارییەکە تەوقە لەگەڵ یاریزانانی ئیسرائیل ناکەن و ئاڵوگۆڕی ئاڵاکان نابێت، داهاتی یارییەکەش دەچێتە بواری خێرخوازی.
جەیسۆن نایت، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئێرلەندا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە یارییەکەی یەکشەممە "نابێت بکرێت" و ئاماژەی بەوەشکردووە، یاریزانەکان گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.
یارییەکە لە شوێنێکی بێلایەن لە هەنگاریا بەڕێوەدەچێت، چونکە ئیسرائیل بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ناتوانێت میوانداریی یارییە نێودەوڵەتییەکان بکات؛ لەلایەکی دیکەوە، یاریی گەڕانەوە، کە بەفەرمی لەلایەن ئێرلەندا میوانداری دەکرێت، لە 4ـی تشرینی یەکەم لە سڕبیا بەبێ هاندەر بەڕێوەدەچێت.
جگە لەوەش، کەناڵی نیشتمانی ئێرلەندی رایگەیاند کە یارییەکەی یەکشەممە بەبێ کۆمێنتار پەخش دەکات، لەکاتێکدا یەکێتیی تۆپی پێی ئێرلەندا دەستبەرداری پشکی خۆی بوو لە بلیتەکانی یارییەکە.
مەرجەکانی یاریزانانی ئێرلەندا:
راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێرلەنداش، رایگەیاند کە پێش یارییەکەیان بەرامبەر ئیسرائیل:
🔴 تەوقە لەگەڵ یاریزانەکانیان ناکەین.
🔴 ئاڵایان لەگەڵ ناگۆڕینەوە.
🔴 وێنەیان لەگەڵ ناگرین.
🔴 یاریزانانی ئێرلەندا وەك ماتەمینی بۆ قوربانیانی هێرشەکانی سەر غەززە، قۆڵبەستی رەش دەبەستن.
🔴 سەرجەم داهاتی یارییەکە دەبەخشرێتە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.




