رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەفسانەی پێشووی تۆپی پێی بەرازیل و یانەی ریال مەدرید، پەردەی لەسەر نهێنییەکی دارایی ژیانی لادا و ئاشکرایکرد نزیکەی تەواوی ئەو سامانەی لە کاروانی وەرزشیدا بەدەستیهێنابوو، بەهۆی متمانەکردن بە کەسانی هەڵە لەدەستیداوە.
ئەم ئەستێرە تەمەن 53 ساڵانەیە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لووتکەی تۆپی پێی پۆرتوگال لە شاری لێسبۆن، باسی لە کێشەکانی دەرەوەی یاریگە کرد و گوتی "رووبەڕووی کەسانێک بوومەوە هەژماری بانکی منیان بەتاڵکردەوە، 99٪ـی هەموو ئەو داهاتەم لەدەستدا کە لە تۆپی پێدا بەدەستم هێنابوو". کارلۆس باسی لە شۆکێکی خێزانی کرد و گوتیشی "شەوی پێنجشەممە چوومە سەر جێگە، رۆژی هەینی کۆمەڵێک بەڵگەنامەیان پێدام کە هیچ زانیارییەکم لەسەریان نەبوو، لەو کاتەدا تێگەیشتم هەموو رابردووم لەدەستداوە".
بەپێی خەمڵاندنەکان، بەرگریکارە چەپەکەی پێشووی یانەکانی ئینتەر، ریال مەدرید و فێنارباخچە نزیکەی 160 ملیۆن یۆرۆی لە کاروانەکەیدا کۆکردبووەوە. میدیای بەرازیل ئاماژە بەوە دەکات کێشە سەرەکییەکانی کارلۆس بەهۆی خراپی مامەڵەکردنی بەڕێوەبەرانی کارەکانی بووە. کارلۆس ئامۆژگاری یاریزانانی ئێستا دەکات تەنیا پشت بە تۆپی پێ نەبەستن و گوتی "دەبێت یاریزان بیر لە پڕۆژەی داهاتووی بکاتەوە، کاتێک وازم لە یارییکردن هێنا بڕوانامەی بەڕێوەبەری وەرزشیم وەرگرتبوو و لەگەڵ چەندین براند کارم دەکرد، ئەمەش تاوەکو ئێستا سوودی دارایی پێگەیاندووم".
رۆبێرتۆ کارلۆس بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی چەپی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت، لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە ساڵی 2002 نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا، هەروەها لەگەڵ یانەی ریال مەدرید سێ جار بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و چوار جاریش نازناوی لالیگای بەدەستهێناوە.




