رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، ئامادەیی تیپەکەی بۆ یاریی لووتکەی بەرامبەر سعودیە راگەیاند و لەبارەی ئاکام هاشمەوە قسەی خۆشی پێ نییە.
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەیان بەرامبەر سعودیە، کە رۆژی سێشەممە رووبەڕووی یەکدەبنەوە گوتی "گرنگترین شت بۆ ئێمە ئارامیی مێشک و جەستەیە لەبەرامبەر سعودیە. دەبێت بە شێوەیەکی زۆر بەرز سەرنج بخەینە سەر بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە یارییەکەدا."
راهێنەری عێراق زیاتر لەبارەی هەڵبژاردەی سعودیەوە گوتی "زانیاریی پێویستمان لەسەر هەڵبژاردەی سعودیە هەیە و رێزێکی زۆریان لێ دەگرین.گوشارێکی زۆر لەسەرمان دەبێت، بەڵام ئێمە بە شێوەیەکی زۆر بەرز سەرنج دەخەینە سەر خۆمان، و توانای پێویستمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن. سەرجەم ئامادەکارییە گرنگەکانمان تەواو کردووە بۆ پەڕینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو، و مامەڵە لەگەڵ هەر هەڵبژاردەیەکدا بە رێگەیەکی تایبەت دەکەین."
لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی ئاکام هاشم، بەرگریکاری کوردی هەڵبژاردەکە بۆ نێو پێکهاتەی تیپەکە، گراهام دەڵێت "دۆخی ئاکام هاشم تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە و دیارنییە بەشداری لە یارییەکەدا دەکات یان نا."
راهێنەری عێراق بە رۆژنامەڤانانی گوت " سەرجەم ئامادەکارییە گرنگەکانمان تەواو کردووە بۆ پەڕینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو و مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڵبژاردەیەک رێگەیەکی تایبەتی دەبێت، دەبێت عەقڵیەتی رووبەڕووبوونەوەی تیپە گەورەکانمان هەبێت و بیر لە بردنەوە بکەینەوە. هەمیشە دەمانەوێت باشترین پێشکەش بکەین و سەرکەوتن بەدەستبهێنین لەپێناو هاندەرانی عێراق و سەرجەممان لەپێناو گەلەکەمان یاری دەکەین."
گراهام ئارنۆڵد دووپاتیکردەوە کە پێویستە کار لەسەر هەڵەکان بکەن و دەڵێت "دەبێت هەندێک لە لایەنە هونەرییەکان باشتر بکەین و چارەسەری هەڵە تاکەکەسییەکان بکەین. ئێمە بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە یاری دەکەین نەک بەرامبەر هاندەران، ئامانجمان پێشکەشکردنی یارییەکی گەورەیە بەبێ ئاوڕدانەوە لە وردهکارییهکانی دیکه.سعودیە بە شێوازی گوشاری بەرز یاری دەکات و خاوەنی یاریزانی باش و هاندەرێکی زۆرە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ ئەم رکابەرییە و سەرنج دەخەینە سەر لایەنی دەرونی و مێشکی."
لەبارەی ئاستی ئیبراهیم بایش و بەشداریکردنی لە یارییەکاندا بەشێوەی سەرەکی راهێنەری عێراق گوتی "بایش خاوەنی توانایەکی باشە و دەتوانێت لە زیاتر لە پۆستێکدا یاریی بکات."
رۆژی سێشەممە لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، عێراق لە جامی کەنداو بەرامبەر سعودیە یاریی دەکات، سعودیە بە دوو بردنەوەی لەسەریەک سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە، عێراق پێویستی بەبردنەوە و یەکسانبوونە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.




