رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین وەک رێزلێنانێک بۆ لیۆنێل مێسی، بڕیاریدا لە یارییە دۆستانەکانی داهاتوودا کەس درێسی ژمارە 10 نەپۆشێت و بە هیچ یاریزانێکی دیکەی نەبەخشێت، تا ئەو کاتەی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە دوایین یاریی نێودەوڵەتی خۆی ئەنجام دەدات.
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی "تاوەکو یارییەکەی لیۆ مێسی، کەس درێسی ژمارە 10 ناپۆشێت". بەپێی ئەم بڕیارە، لە هەردوو یاریی دۆستانەی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەکانی بۆلیڤیا لە 30ـی مانگی 9 و بورکینافاسۆ لە 3ـی مانگی 10، هیچ یاریزانێک درێسی ژمارە 10 ناپۆشێت، هەروەها مێسی لەم دوو رووبەڕووبوونەوەیەدا پشوو وەردەگرێت تاوەکو بۆ یاریی ماڵئاوایی لە رووی جەستەییەوە بە تەواوی ئامادە بێت.
رۆژی 6ـی مانگی 10ـی 2026، یاریگەی مۆنۆمێنتال لە شاری بوێنس ئایریس شایەتحاڵی دوایین یاریی مێسی دەبێت بە درێسی ئەرجەنتین بەرامبەر هەڵبژاردەی بێنین. ئەم رووبەڕووبوونەوەیە دەبێتە 208ـەمین و دوایین دەرکەوتنی نێودەوڵەتی براوەی هەشت خەڵاتی باڵۆندۆر لە کاروانی وەرزشیدا لەگەڵ تانگۆ.
پێشتریش کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین پێشنیازی کردبوو دوای وازهێنانی یەکجارەکی مێسی، درێسی ژمارە 10 بۆ هەمیشە وەک رێزلێنانێک هەڵبگیرێت، بەڵام بڕیاردان لەسەر دەستنیشانکردنی میراتگری ئەم درێسە بۆ سەرەتای ساڵی 2027 دوادەخرێت.




