رووداو دیجیتاڵ سەرلەبەیانی ئهمڕۆ چوارشەممە، یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند کە رافینیا، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، وەک رێکارێکی خۆپارێزی دەگەڕێتەوە کۆمەڵگەی وەرزشیی یانە کەتەلۆنییەکە، ئەوەش دوای تووشبوونی بە پێکان لە یارییە دۆستانەکەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر ئوسترالیا. رافینیا لە یارییەکەدا کە بە سەرکەوتنی بەرازیل بە ئەنجامی 4-2 کۆتایی هات، گۆڵێکی لە رێگەی لێدانی سزاوە تۆمارکرد، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمدا بەهۆی گرژی رانی راستییەوە یاریگای جێهێشت. بەهۆی ئەم پێکانەوە، رافینیا لە یارییە دۆستانەکەی داھاتووی بەرازیل بەرامبەر هیندستان، کە بڕیارە رۆژی 3ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەشداری ناکات. بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی 'مۆندۆ دێپۆرتیڤۆ'ی کەتەلۆنی، پشکنینە پزیشکییە سەرەتاییەکان بۆ یاریزانەکەی بارسێلۆنا دەریانخستووە کە پێکانەکەی مەترسیدار نییە، بەڵام هەست بە ئازار دەکات، بۆیە بڕیارێکی ژیرانە بووە کە دووربخرێتەوە. یەکێتیی بەرازیل لە راگەیێندراوەکە روونی کردووەتەوە کە رافینیا تووشی گرژی ماسوولکە بووە لە رانیدا، بەو هۆیەشەوە لە پێکهاتەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی بۆ یارییەکە بەرامبەر هیندستان دوورخراوەتەوە. رافینیا بەنیازە لە زووترین کاتدا بگەڕێتەوە بارسێلۆنا بۆ ئەوەی لەلایەن دەستەی پزیشکیی بارسێلۆناوە چارەسەر و بەدواداچوونی بۆ بکرێت. چاوەڕوان دەکرێت راستەوخۆ دوای گەیشتنی پشکنینی پزیشکیی زیاتری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی خێراتر بکرێن تاوەکو لە یەکەم یاریی دوای پشووی نێودەوڵەتیدا بەردەست بێت بۆ هانزی فلیک.