رووداو دیجیتاڵ
دوای کرانە دەرەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداو، دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەکە بڵاوکراونەتەوە و ئەندامێکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقیش لەوبارەیەوە وەڵامی رووداو سپۆرتس دەداتەوە.
عێراق لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداو، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە سعودیە دۆڕا، دوای ئەوەی عومان لە کوێتی بردەوە، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان، لە هەموو شتێکدا یەکسانبوون، بەمشێوەیە بەرپرسانی جامی کەنداو پەنایان بردە بەر ئەنجامدانی تیروپشک و بە تیروپشک، هەڵبژاردەی عومان گەیشتە پێشکۆتایی و عێراق کرایە دەرەوە.
دوای کرانە دەرەوەی عێراق، لەسەر ئاستی میدیا، شرۆڤەکاران و هاندەرانی عێراق ناڕەزایەتییەکی زۆر دروستبووە و چەند میدیایەک باس لەوە دەکەن گوایەوە کۆبوونەوە لەبارەی داهاتووی گراهام ئارنۆڵدەوە کراوە.
ئەندامێکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لەو بارەیەوە بە رووداو سپۆرتسی گوت "هیچ راستییەک بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە، هێشتا شاندی هەڵبژاردەی عێراق نەگەڕاوەتەوە و تاوەکو گەڕانەوەیان هیچ هەنگاوێک نانرێت و هیچ کۆبوونەوەیەکیش لەبارەی داهاتووی راهێنەری تیپەکەوە نەکراوە، بۆیە هەموو ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستی."
عێراق لە جامی کەنداو، سێ یاریی ئەنجامدا، لەگەڵ عومان یەکسانبوو، لە کوێتی بردەوە و دوای ئەوەش بەرامبەر سعودیە دۆڕا، ئەمە دووەمجارە لەسەریەک لە جامی کەنداودا لە قۆناخی کۆمەڵەکان دەکرێتە دەرەوە.
دەنگۆی دوورخستنەوەی گراهام ئارنۆڵد، لە راهێنەرایەتیی عێراق لەکاتێکدایە پێش جامی کەنداو، گرێبەستەکەی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ شەش مانگ نوێکردووەتەوە.




