رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، وردەکاریی ئەو پەیوەندییانەی ئاشکرا کرد کە یانەکە بۆ گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێز، هێرشبەری ئینتەر ئەنجامی دابوون، ئەوەش دوای ئەوەی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە.
لێدوانەکانی لاپۆرتا لە کاتی بەشدارییکردنی لە 33یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی کۆمەڵەی یانەکانی ئەورووپا لە کۆپێنهاگنی پایتەختی دانیمارک هاتن، کە تێیدا دووپاتی کردەوە لە کۆتاییەکانی مانگی هەشتدا دانوستاندن لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە هەبووە.
پێشتریش دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا ئاماژەی بە بوونی گفتوگۆ لەگەڵ کارگێڕیی ئینتەر سەبارەت بە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە کردبوو.
لاپۆرتا لە هەیپەیڤینێکدا بۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندنی ئیتاڵی و پۆرتوگالی، لەنێویاندا 'کۆریێری دێلۆ سپۆرت' و 'کۆریێری دێلا'، لاوتارۆی بە یاریزانێکی سەرسوڕهێنەر ناوبرد و جەختی کردەوە بارسێلۆنا نەیدەویست دەرفەتی گواستنەوەی بە هەر نرخێک بێت لەدەست بدات.
سەرۆکی بارسێلۆنا وردەکاریی رووداوەکەی خستەڕوو و گوتی"پێتان دەڵێم رووداوەکە چۆن بوو. رۆژێکیان پەیوەندیم بە بێپی مارۆتا، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئینتەرەوە کرد، بێ ناوەندگیر هەردووکمان قسەمان کرد. پێم گووت زۆر دڵخۆش دەبم ئەگەر لاوتارۆ لە تیپەکەمدا بێت و سەرسامم پێی. بەڵام رێگەی نەدام تەنانەت قسەکانم تەواو بکەم، زۆر بەڕوونی پێی گوتم یاریزانەکە بۆ فروشتن نییە.
هەروەها زیاتر گوتی: لەبەر ئەوە تەواوی گفتوگۆکانم راگرت، چونکە هیچ رێگەیەک بۆ بەردەوامبوون نەبوو. پەیوەندییەکی پڕ لە متمانەی دوولایەنە لەنێوان من و مارۆتادا هەیە، بۆیە لەبەر رێزی ئەو و ئینتەر لەوە زیاتر نەڕۆشتین".
سەرۆکی بارسێلۆنا ئاماژەی بە سێسک فابریگاس، راهێنەری یانەی کۆمۆی ئیتاڵیش کرد کە بڕیارە لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی بارسێلۆنا ببێتەوە، کە لە گرێبەستەکەیدا بەندێک هەیە رێگە بە یانە کاتالۆنییەکە دەدات ئەگەر ویستی بۆی بگەڕێتەوە.
لاپۆرتا دانیبەوەدانا کە بارسێلۆنا چاودێریی کارەکانی فابریگاس دەکات، بەڵام جەختی کردەوە کە ئێستا بوونی هانزی فلیک لەپێشینەی سەرەکییانە.
هەروەها زیاتر گوتی" ئەو یەکێکە لە ئێمە و زۆر دڵخۆشین بەو سەرکەوتنانەی لەگەڵ کۆمۆ کە بەدەستیان دەهێنێت. ئەو بە تەواوی شایستەی ئەوەیە".
بڕیارە یانە ئیتاڵییەکە لە 27ی مانگی 1ـی ساڵی داهاتوو ببێتە میوانی بارسێلۆنا، کە لاپۆرتا بە پەرۆشەوە چاوەڕێی پێشوازیکردنەوە لە فابریگاس دەکات لە یاریگای کامپ نو.
لاپۆرتا روونیشی کردەوە "بە پەرۆشەوە چاوەڕێی پێشوازیکردنەوەین لە کامپ نو. سێسک لە هەموو کەس باشتر ئاگاداری عەقڵیەت و دیدگای بارسێلۆنایە. لێرە گەورە بووە و ئێرە هەمیشە ماڵی ئەوە".
بەڵام لە هەمان کاتدا گوتی: ئێستا راهێنەرێکی گەورەی وەک فلیکمان هەیە، پێشتریش بینیتان چی لە دەست دێت".
لاپۆرتا بردنەوەی چامپیۆنزلیگی بە خەونە گەورەکە ناوبرد و گوتی"چەندین نازناوم لەگەڵ بارسێلۆنا بردووەتەوە و دەمەوێت دووبارە بیانبەمەوە. دوای ئەوەش دەمەوێت یاریگا نوێیەکەمان بە تەواوەتی ببینم، کە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە و بۆ ئەو ئایندەیەی پلانی بۆ دادەنێین".




