رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دوای دروستبوونی گرژی و ناکۆکی تووند لەگەڵ خۆرخێ جێسوسی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە، لە بڕیارێکی شۆکهێنەردا جێهێشتنی کەمپی مەشق و راهێنانی پۆرتوگالی راگەیاند و داهاتووی نێودەوڵەتی خستە نێو گومانەوە.
رۆناڵدۆ لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد "دوای کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی راهێنەری هەڵبژاردە و دوای گفتوگۆکردنم لەگەڵ پێدرۆ پرۆینسا سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، بڕیارمدا کەمپی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەی نیشتمانی جێبهێڵم، لە کاتی گونجاودا تەواوی راستییەکان بۆ گەلی پۆرتوگال ئاشکرادەکەم لەسەر ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی رۆیشتنم لەو هەڵبژاردەیەی هەمیشە هەموو شتێکم بۆ بەخشیوە". رۆناڵدۆ لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ پۆرتوگال و هاوتیپەکانی خواست.
سەرەتای کێشەکە لە یاری بەرامبەر نەرویج سەریهەڵدا؛ دوای ئەوەی کریستیانۆ لە یاری یەکەم بەرامبەر وێڵز 70 خولەک بەشدار بوو، جێسوس بڕیاریدا لەسەر کورسیی یەدەگ دایبنێت و پێش یارییەکە پێی راگەیاندبوو لە 30 خولەکی کۆتاییدا بیخاتە گۆڕەپانەکەوە. دۆنی 41 ساڵان رۆیشت بۆ خۆگەرمکردن، بەڵام راهێنەر بە بیانووی ئاستبەرزی گۆنچالۆ رامۆس هیچ خولەکێکی پێ نەبەخشی، ئەمەش تووڕەیی کریستیانۆی لێکەوتەوە و راستەوخۆ دوای فیکەی کۆتایی بەبێ سوپاسکردنی هاندەران رووی لە ژووری جلگۆڕین کرد.
سەرەڕای گەشتکردنی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال بۆ نێوەندگیری و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوولا، دۆخەکە بە تەواوی ئاڵۆز بوو کاتێک جێسوس لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و گوتی "لە تیپەکەدا من بڕیاردەرم". ئەم لێدوانە لەلایەن کریستیانۆوە بە کەمکردنەوە لە پێگەکەی بینرا، بەپێی میدیای ئیسپانیا و پۆرتوگالیش رەنگە ئەم کێشەیە ببێتە هۆی ئەوەی رۆناڵدۆ بۆ هەمیشە وازهێنانی یەکجارەکی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان رابگەیێنێت.
رۆناڵدۆ خاوەنی ریکۆردی مێژوویی زۆرترین یاری و زۆرترین گۆڵی نێودەوڵەتییە لە مێژووی تۆپی پێدا و پێشتر جامی نەتەوەکانی ئەورووپا و نەیشنزلیگی لەگەڵ پۆرتوگال بەدەستهێناوە، پێشتریش هۆشداریدابوو کە هەر کاتێک هەست بکات متمانەی پێویستی پێناکرێت، جانتاکەی هەڵدەگرێت و ماڵئاوایی دەکات.




