رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل بە سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچیلۆتی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتە شاری کۆڵکاتای هیندستان بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانەی مێژوویی بەرامبەر هەڵبژاردەی هیندستان.
ئەم رووبەڕووبوونەوەیە یەکەم دەرکەوتنی هەڵبژاردەی یەکەمی بەرازیلە لەسەر خاکی هیندستان، لە گەیشتنیاندا پێشوازییەکی بەجۆش لە شاندی سامبا کرا بەهۆی خۆشەویستی زۆری هاندەرانی ئەو وڵاتە بۆ مێژووی تۆپی پێی بەرازیل.
ئەنچیلۆتی لە لێدوانێکیدا دڵخۆشی خۆی دەربڕی و گوتی "شانازییە بۆ ئێمە لێرەین لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی، دەزانین ئەم ناوچەیە چەندە ئاشقی بەرازیل و تۆپی پێن، دڵخۆشین لێرەین تاوەکو یاری بەرامبەر هیندستان بکەین و ئاستی بەرزی یاریزانەکانمان پێشان بدەین". هاوکات مارکینیۆسی بەرگریکار پێشوازییە گەرمەکەی هاندەرانی بە هەلێکی زێڕین و هاندەرێکی گەورە بۆ تیپەکە وەسفکرد.
لە بەرامبەردا، خالید جەمیل راهێنەری هەڵبژاردەی هیندستان داوای لە یاریزانەکانی کرد تەنیا وەک بینەر لەنێو یاریگەدا نەمێننەوە و بۆ ماوەی 90 خولەک سەرسامبوونیان بە بەرازیل رابگرن، گوتیشی "بەرازیل باشترین هەڵبژاردەیە و بە باشترینی باشترینەکان ناسراون". لە لایەکی دیکەوە، ئەنوەر عەلی بەرگریکاری هیندستان ئاماژەی بەوە کرد پێویستە لەنێو یاریگەدا ئارامبن و بەرگەی گوشارەکانی هێرشبەرانی سامبا بگرن.
ئەم رووبەڕووبوونەوە دۆستانەیە لە کاتێکدایە هەڵبژاردەی بەرازیل وەک خاوەنی پێنج نازناوی مۆندیال، لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا لە کیشوەری ئاسیا خۆی بۆ قۆناخی داهاتووی یارییە فەرمییەکان ئامادە دەکات.




