رووداو دیجیتاڵ
رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆرخێ جێسوس و کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەنیا ناکۆکییەکی ئاسایی نێوان راهێنەر و یاریزانێک نییە، بەڵکو پێکدادانی کەسایەتییەکی خاوەن دەسەڵاتی ئاسنین و رەهایە کە لە کاروانە 72 ساڵییەکەیدا هەرگیز لەبەردەم هیچ ئەستێرەیەکدا چۆکی دانەداوە.
دوای جێهێشتنی کەمپی پۆرتوگال لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆی 41 ساڵان بەهۆی یەدەگبوونی بەرامبەر نەرویج، جێسوس ئامادە نەبوو داوای لێبوردن بکات یان نەرمی بنوێنێت و لە لێدوانێکیدا گوتی "هیچ یاریزانێک ناتوانێت بیرۆکەکانم بگۆڕێت، نە ئەو و نە کەسی دیکەش". ئەم هەڵوێستە تایبەتمەندی سەرەکی ئەم راهێنەرە بەئەزموونەیە کە دەسەڵاتی تەواوی بەڕێوەبردنی پێکهاتەکە تەنیا لە دەستی خۆیدا دەبینێت و رێگە بە هیچ دەستوەردانێک نادات.
لە دەستپێکی وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی بێنفیکا لە ساڵی 2009، جێسوس بە تووندترین شێواز یاساکانی خۆی سەپاند؛ تەنانەت کاتێک لە یەکەم مەشقدا یاریزانان بەبێ مۆڵەت بۆ ئاوخواردنەوە چوون، بە تووڕەییەوە رێگری لێکردن و پێی راگەیاندن تەنیا ئەو بڕیار لەسەر هەموو شتێک دەدات. ئەم راهێنەرە پۆرتوگالییە لە کاروانەکەیدا کێشەی لەگەڵ چەندین ئەستێرەی دیکەی وەک ئیسلام سلیمانی لە سپۆرتینگ لیسبۆنە هەبووە و هەمیشە گوتوویەتی "لە نێو یانەدا تەنیا یەک کەس فەرمانم پێدەکات ئەویش سەرۆکی یانەکەیە، کەسی دیکە نا".
خۆرخێ جێسوس لە سێ کیشوەری جیاوازدا نازناوی خولەکانی بەدەستهێناوە؛ لە پۆرتوگال لەگەڵ بێنفیکا، لە بەرازیل لەگەڵ فلامینگۆ و لە سعودیەش لەگەڵ یانەکانی هیلال و نەسڕ، کە پێشتریش لەگەڵ خودی رۆناڵدۆ لە نەسڕ پێکەوە نازناوی خولی سعودیەیان بەدەستهێنا. لە کاتێکدا کێشەکەی لەگەڵ رۆناڵدۆ گەیشتووەتە ئاستی سەرۆک وەزیرانی پۆرتوگال، شارەزایان دووپاتیدەکەنەوە کە جێسوس ئامادەیە دەستلەکاربکێشێتەوە بەڵام ملکەچی هیچ گوشارێک نابێت بۆ شکاندنی بنەماکانی.




