رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال چوارەم یاریی لە نەیشنسلیگ ئەنجامدەدات و جارێکی دیکە بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی دەکاتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی نەیشنسلیگ و لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی چوارەم، کاژێر 21:45 لە یاریگای دراگاوی تایبەت بە یانەی پۆرتۆ، هەڵبژاردەی پۆرتوگال میوانداریی هەڵبژاردەی نەرویج دەکات، ئەمە یەکەم یاریی پۆرتوگالە لەنێو خاکی خۆیدا، دوای ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و خۆرخی جیسۆس روویاندا و دۆن تیپەکەی بەجێهێشت.
بۆیە هاوشێوەی دوو یاریی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
پۆرتوگال لە سێ یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە، تیپەکە دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەم پشوو نێودەوڵەتییە بە چوار بردنەوەی لەسەریەک تەواو بکات.
هەڵبژاردەی نەرویج بەدوای ئەنجامێکی باشدا دەگەڕێت دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا دۆڕا و نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
ئەرکی ئێرلینگ هالاند و تیپەکەی ئاسان نییە، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال یاریی دەکەن، بەڵام دەیانەوێت سوود لەو دۆخە ناجێگیرە وەربگرن کە پۆرتوگالییەکان بەهۆی کێشەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە پێیدا تێدەپەڕن، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشتر لە یاریی یەکەمیان بەدەستبهێنێن.
نەرویج لە سێ یاریی رابردوودا، بردنەوەی یەکەمی بەرامبەر دانیمارک تۆمارکرد، دوای ئەوە دوو یاریی بەدوای یەکدا بەرامبەر پۆرتوگال و وێڵز دۆڕاند، دۆڕاندن لە یارییەکەی ئەمشەودا ئەرکی ئەو تیپە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی نەیشنسلیگ زۆر زەحمەت دەکات.




