رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشیی هەولێر لە بڵاوکراوەیەکی توونددا، ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر نەفتی میسان دەربڕی و رەخنەی لە چیمەنی یاریگەکە و کوژاندنەوەی بەشێک لە رووناکییەکانی گرت.
یانەی هەولێر لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵە کاریگەرەکانی ناوبژیوانی لەم وەرزەدا بەرامبەر یانەکەیان دووبارە دەبنەوە و کاریگەری راستەوخۆ لەسەر ئەنجامەکان دروست دەکەن. لە یارییەکەی نەفتی میساندا، لێدانی یاریزان موستەفا قابیل لە ناوچەی سزا لەلایەن گۆڵپارێزەوە هەژمارنەکرا، لە کاتێکدا لە دواساتەکانی یارییەکەدا بە گەڕانەوە بۆ ڤاڕ لێدانی سزای گوماناوی دژی هەولێر گیرا، هەربۆیە داوا لە لیژنەی ناوبژیوانان و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکەن بە پەلە و بە شەفافیەت لێکۆڵینەوە لە تۆمارەکانی ڤاڕ و تیمی ناوبژیوانی بکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، یانەی هەولێر بە تووندی رەخنەی لە دۆخی یاریگەی ئۆڵۆمپی میسان گرت کە چیمەنەکەی نەبڕدرابوو و درێژییەکەی هەشت سانتیمەتر بووە، ئەمەش رێگر بووە لەبەردەم پێشکێشکردنی یارییەکی تەکنیکی و تۆپی پێی راستەقینە، هاوکات کوژاندنەوەی بەشێک لە رووناکییەکانی یاریگە لە کاتی یارییەکەدا بە کارێکی نادروست وەسفکراوە کە لەگەڵ ناوی خولی ئەستێرەکاندا یەکناگرێتەوە.
یانەی هەولێر داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە تەنیا بە راپۆرتی رۆتینی نەوەستێت و پێوەری تووند بۆ پشکنینی سەرجەم یاریگەکان دابنێت تاوەکو یەکسانی دەرفەتەکان بپارێزرێت. ئەم ناڕەزایەتییەش دوای ئەوە هات کە هەولێر لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە گۆڵێک لەگەڵ نەوت میسان یەکسانبوو.



