رووداو دیجیتاڵ
شۆفیر ماتۆڕسکیلێک گیانی لەدەستدا، بەهۆی پێکدادانی لەگەڵ ئەو تۆتۆمبێلەدا، کە سیرا مارتینێزی کچی لویس ئینریکێی راهێنەری پاریس سانجێرمانی فەرەنسی تێدا بوو.
رووداوەکە نزیکەی کاژێر هەشتی شەو روویداوە، لە شاری ئۆلیڤای سەر بەناوچەیەکی شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا.
سەرچاوەکان گوتویانە، ماتۆڕسوارەکە، خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە لەسەر رێگای N-332. لە نێو ئۆتۆمبێلەکەشدا، کچەکەی ئینریکێ هەبووە.
میدیای ئیسپانیا لە زاری سەنتەری فریاگوزاریی هاوئاهەنگی و میدیایان گواستووەتەوە، لە کاتی گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری و لێکۆڵێنەوەدا، تەنیا ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە، گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوە میدیاییەکان لە نێویاندا رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' ئاشکرایانکردووە، ئۆتۆمبێلەکە، شۆفێرێکی بەریتانی لێی خوڕیوە، پشکنینەکان دەریانخستووە ئەو شۆفێرە لە ژێر کاریگەریی کحول و هۆشبەردا نەبووە. تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
سیرا مارتینێزی کچی لویس ئینریکێ، تەمەنی 26 ساڵانە، یەکێکە لە دیارترین ئەسپسوارەکانی ئیسپانیا، بەردەوام بەشداریی لە پێشبڕکێ جیاوازەکاندا دەکات، لە نێویاندا بازدان بەئەست و لەو یارییەدا زۆر لێهاتووە.
سیرا هەروەها چالاکە لە بواری کاری خێرخوازیدا لە رێگای ئەو دامەزراوە خێرخوازییەوە کە ئینریکێ و هاوژینەکەی، بۆ رێزلێنان لە گیانی زانای کچە کۆچکردووەکەیان دروستیانکرد، پاشئەوەی ساڵی 2019 بەهۆی شێرپەنجەوە گیانی لەدەستدا.




