رووداو دیجیتاڵ
شاندی یانەی هەولێر بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی جامی کەنداو، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت و یاریزانێکی یانەکە ڤیزای پێنەدرا.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 11-10-2026 شاندی یانەی هەولێر بۆ ئەنجامدانی یارییەکەی بەرامبەر یانەی عەجمانی ئیماراتی لە رکابەرییەکانی جامی کەنداو، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت.
شاندەکە چوار کاژێر و 10 خولەکی پێدەچێت تاوەکو لە فرۆکەخانەی هەولێرەوە دەگاتە شاری شاریقەی ئیمارات.
پێش گەشتکردنی یانەکە بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە، لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر بە رووداو سپۆرتسی گوت "جگە لەوەی کە ڤیزا نەدراوەتە باکای بەرگریکارمان، سەرجەم یاریزانەکانی دیکە ئامادەن و ورەمان بەرزە."
شاندی یانەی هەولێر لە ئیمارات لە شاریقە دەمێنێتەوە، شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکەیان بەرامبەر عەجمانی ئیماراتی عەجمان دەبێت و تەنیا 14.2 کیلۆمەتر لە شوێنی مانەوەی یانە کوردستانییەکەوە دوورە.
هەڵگورد مەلا محەممەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر بە رووداو سپۆرتسی گوت "یاریزانەکان ورەیان بەرزە، ئێمە دەمانویست یاریی بەرامبەر نەفتی میسان ببەینەوە و بەو شێوەیە بچینە یارییەکەی بەرامبەر عەجمان، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە و بۆ ئەو یارییەش ئامادەین."
بۆ یاریی یەکەمی رکابەرییەکانی جامی کەنداو، هینۆک ئینۆنگا باکا، بەرگریکاری یانەی هەولێر ڤیزای ئیماراتی بۆ نەگەڕایەوە و لەگەڵ شاندی یانەکە گەشتی نەکرد، هۆکارەکەشی رێککارەکانی ئیماراتە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا و هەر کەسێک لە وڵاتێکی ئەفریقاوە بچێتە ئەو وڵاتە پێویستە 21 رۆژ پێش گەشتەکەی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت، بەڵام یاریزانەکەی کۆنگۆی دیموکرات کە بۆ هەولێر یاریی دەکات، ئەوەندە رۆژە نابێت لە وڵاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆیە ڤیزای پێنەدرا.
سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر بە رووداو سپۆرتسی رایگەیاند، وەکو ئەوەی پێشتر بەڵێنی داوە، ئەگەر یاریزانەکانی جامی کەنداو ببەنەوە، هەریەکەیان بە ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل 2027 پاداشت دەکات.
ئاڵا دێدەوان، سەرۆکی شاندی یانەی هەولێر بۆ ئیمارات بە رووداو سپۆرتسی گوت "ئامادەکارییەکی زۆرباشمان کردووە، بۆ ئەوەی تیپەکە لە دۆخێکی زۆرباش و ئارامدا گەشتەکە بکات و هەموو شتێکمان کردووە بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێینەوە."
زیاتر لە 100 هاندەری یانەی هەولێر بۆ ئەوەی پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن، داوای ڤیزای ئیماراتیان کردووە، بەڵام بەشی زۆریان ڤیزایان بۆ نەگەڕاتەوە و سەرۆکی یانەی هەولێر لەو بارەیەوە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ زۆرترین هاندەر بکرێت و بتوانن گەشت بکەن.
رۆژی چوارشەممە، لە رکابەرییەکانی جامی کەنداو، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، یانەی هەولێر دەبێتە میوانی یانەی عەجمانی ئیماراتی و یارییەکە کاژێر 20:00 بەڕێوەدەچێت.



