رووداو دیجیتاڵ
ئیتۆراڵدی گۆنزالێسی ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانیا، دەستەی مەشقدەرانی یانەی ریال مەدریدی، بە دروستکردنی کەشی پڕ لە هەڵچوون لە پێش و کات و پاش یارییەکان تۆمەتبارکردووە.
کێشەی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ ناوبژیوانان، لە ناڕەزایەتیی ئاشکرا و گلەیی بەردەوامەوە، پەڕیوەتەوە بۆ قۆناخێکی مەترسیدار، کە دڵەڕاوکەی لە نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیادا، دروستکردووە.
ئیتۆراڵدی کە پێشتر ناوبژیوانی یارییەکانی لالیگا بووە و ئێستا وازی لە کارەکەی هێناوە، لە نوێترین لێدواندا دەڵێ، "کاتێک ناوبژیوانیم دەکرد، بەڕاستی ئەوە روویدەدا، ئەوە ستراتیجێکە دەستەی راهێنەرانی ریال مەدرید دەیگرنە بەر، بۆ دروستکردنی کەشێکی نائارام و پڕ لەدڵەڕاوکە، بەر لە یارییەکان، لە کاتی یارییەکان و دوای یارییەکانیش".
پەیوەندییەکانی نێوان ریال مەدرید و دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا، لە دۆخێکی خراپدایە. ریال مەدرید بەردەوام هێرشدەکاتە سەر ئاستی ناوبژیوانانی خولەکە و پێیوایە ئەوان ناهەقیی بەرامبەر ئەنجامدەدەن.
دوایین یاریی ریال مەدرید لەلالیگا بەرامبەر ڤیاڕیال و دەرکردنی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەکارتی سوور، جارێکی دیکە هەڵچوونەکانی نێوان هەردوولای بردەوە قۆناخێکی مەترسیدار. میدیای نزیک لە یانەکە، جارێکی دیکە هێرشیان کردەوە سەر ناوبژیوانان.
ئیتۆراڵدی پێیوایە ئەوەی روودەدات، رێکەوت نییە، بەڵکو کارێکی پلان بۆ داڕێژراوە، لەپێناو خزمەتکردن بەئامانجەکانی ریال مەدرید.
ئەو دەڵێ، "ریال مەدرید دەیانەوێت چیرۆکێکی ناڕاست بڵاوبکەنەوە، وا پێشانی هاندەرانیش بدەن کە ناهەقییان بەرامبەر کراوە و هەمووان لە دژی ریال مەدریدن".
ئەو ناوبژیوانە گوتوویەتی، هەڵسوکەوتی یاریزانانی ریال مەدرید، بەراورد بە وەرزی پێشوو زۆر گۆڕاوە.
روونیکردووەتەوە، "ریال مەدرید گۆڕانکاریی زۆری لە پێکهاتەکەیدا نەکردووە بەراورد بە وەرزی پێشوو، بەڵام هەمووان پێکەوە لە دژی هەموو رووداوێک، ناڕەزایەتی دەردەبڕن".
ئیتۆراڵدی زیاتر گوتوویەتی، "لەگەڵ ئەنچێلۆتی وایانکرد، دواتر ئەلۆنسۆ و ئەربێلوا نەچوونە ژێرباری ئەو شتانەوە، بەڵام ئێستا لەگەڵ مۆرینیۆ دەستیان پێکردووەتەوە، ئەوە کارێکە بیری لێکراوەتەوە و کاری لەسەر کراوە".
ناوبژیوانەکەی پێشوو، پەنجەی تۆمەتی لە کۆی رووداوەکەدا ئاراستەی جۆزێ مۆرینیۆ کردووە و دەڵێ، ئەو تایبەتمەندی ئەو گەمە دەروونییەیە.
روونیدەکاتەوە، "مۆرینیۆ لێهاتووە لە دروستکردنی کەشی دڵەڕاوکەدا، لەگەڵ یەکلانەبوونەوەی مشتومڕی نێگرێرادا، مشتومڕەکە تووندتربووە، کلاسیکۆ دوای دوو هەفتەی دیکە ئەنجامدەدرێت و پیشەگەرێکمان لە دروستکردنی دڵەڕاوکەدا هەیە، ئەو لە پۆرتوگال، ئیتاڵیا و ئینگلتەراش هەمان شتی کردووە، بەو جۆرە گەمەیە راهاتووە، ئەوەش کارێکی باش نییە".
لە بەرامبەر قسەکانی ئیتۆراڵدیدا، میدیای مەدرید سوورن لەسەرئەوەی، ریال مەدرید هەست بەناهەقی و هەڵەی زەقی ناوبژیوانان بەرامبەر یاریزانەکانی دەکات و سوورە لەسەرئەوەی، ناوبژیوانەکانی لالیگا، بەهۆی ئاستی خراپیانەوە، هۆکارن بۆ ئەوەی یانەکە نازناوەکان نەباتەوە.




