رووداو دیجیتاڵ
جێبەجێکاری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا متمانە بە گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق ببەخشێتەوە و سەرجەم دەسەڵاتە هونەری و کارگێڕییەکانی بۆ قۆناخی داهاتوو پێبدات.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی یونس مەحموود، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی جێبەجێکار بەڕێوەچوو، کە تێیدا تاوتوێی نەخشەڕێگەی قۆناخی داهاتوو و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکان کرا و بڕیاردرا بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی هونەریی شێرەکانی رافیدەین، ئارنۆڵد لە ئەرکەکەیدا بەردەوام بێت.
ئەحمەد مووسەوی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە و رایگەیاند، یەکێتییەکە دەسەڵاتی تەواوی هونەری و کارگێڕی داوەتە راهێنەرە ئوسترالییەکە، تاوەکو باشترین ئامادەکاری بۆ یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیای داهاتوو بکات. هەروەها دووپاتیکردەوە کە سەرجەم پاڵپشتییە لۆجستی و داراییەکان بۆ پێکهاتەکە دابین دەکرێن بە مەبەستی پێشکێشکردنی ئاستێکی شایستە.
لە بەشی کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەبارەی بەرنامەی ئامادەکاری و کەمپەکانی مەشقی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق درایەوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردەکە چاوی لەوەیە بە ئامادەکارییەکی تۆکمەوە بەشداری لە کێبڕکێکانی جامی ئاسیادا بکات.




