رووداو دیجیتاڵ
یانەی هیلالی سعودی بە پاس چووە دەوحە و بۆ یاریی لووتکەی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا ئامادەیە.
بەهۆی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە و داخستنی فرۆکەخانەی ریاز، یانەی هیلالی سعودی بە ناچاری بۆ ئەنجامدانی یارییەکەی بەرامبەر سەدی قەتەری لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، بە پاس گەشتی کرد و 581 کیلۆمەتری بڕی و بە 6 کاژێر و 35 خولەک گەیشتە پایتەختی قەتەر.
لە کاتی گەیشتنی شاندی یانەی هیلال، لەلایەن بەرپرسانی وەرزشیی قەتەر بە گوڵ پێشوازی لە یانەکە کرا و تیپەکە بۆ یاریی بەرامبەر سەد ئامادەیە.
ئەمشەو کاژێر 19:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، یانەی هیلالی سعودی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی سەدی قەتەری یاریی دەکات و دەیەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات.
هیلال لە یاریی یەکەمیدا بەرامبەر غەرافەی قەتەری یارییکرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، یانەی سەد لە یەکەم یارییدا سێ گۆڵی لەلایەن یانەی ئیستقلالی ئێرانییەوە لێکرا و دۆڕا.
یانەی هیلال پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە لە یاریی لووتکەی خولی سعودیدا لە یانەی ئیتیحادی بردووەتەوە، سەد لە دوایین یاریی خولی قەتەر بەرامبەر یانەی عەرەبی دۆڕاوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ لە پێنج یارییدا چوار بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە.




