رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، بیر لە دەستبەردابوون لە هێرشبەرێکی یانەکە دەکاتەوە و چەند یانەیەکیش چاودێریی دۆخی ئەو یاریزانە دەکەن.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی ئامادەیە بیر لەو دەستەوارانە بکاتەوە، کە بۆ ڤیکتۆر یۆکێرێش، هێرشبەری سوێدی پێشکێشی یانەکە دەکرێن، بەتایبەت دوای ئەوەی یاریزانەکە شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا بۆ کای هاڤێرتز لەدەستدا.
بەپێی سەرچاوەکان، یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت بە دەستەوارەیەک کە نزیک بێت لەو 69 ملیۆن یۆرۆیەی کە یاریزانەکەی پێ کڕیووە دەستبەرداری هێرشبەرەکە ببێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە دەکەنەوە، بەڵام ئاماژە بە ناوی هیچ یانەیەک نەکراوە.
جگە لەوەش چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئارسیناڵ ئامادەیە ئەو یاریزانەکە بکاتە بەشێک لە پلانی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز و ئامادەیە یاریزانەکە و بڕێک پارە بداتە ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ دەستبەرداربوون لە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە.
ڤیکتۆر یۆکێرێش، لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا لە کۆی 6 یاریی بەشداریی لە 3 یارییدا کردووە و تەنیا 56 خولەک یارییکردووە، هیچ گۆڵێک و ئەسیستێکی نییە.
هێرشبەرە سوێدییەکە تەمەنی 28 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ لە 2030 کۆتاییدێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 55 ملیۆن یۆرۆ.




