رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، سەرکردایەتیی یانەی ئینتەرمەیامیی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە و لە یانەی نیویۆرک سیتییان بردەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی خولی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەکاتی باشووری کوردستان، یانەی ئینتەرمەیامی میوانداریی یانەی نیویۆرک سیتیی کرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
هەر زوو خاوەن یاریگا هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی دەستپێکرد و مەترسیی خستە سەر گۆڵی رکابەرەکەی.
لە خولەکی 19 جێرمان بێرترامێ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد.
لە خولەکی 4 کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، مێسی پاسێکی دایە دی پاوڵ و لە دەرەوەی ناوچەی سزا یاریزانە ئەرجەنتییەکە گۆڵی دووەمی یانەکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە ئارامی بۆ ئینتەرمەیامی تەواو بوو.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، مێسی و هاوڕێکانی هەوڵیاندەدا گۆڵی زیاتر تۆماربکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا نیکۆلاس مێرکاو لە یانەی نیویۆرک سیتی لێدانێکی سزای لەدەستدا و ئینتەرمەیامی یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
ئینتەرمەیامی سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا و ژمارەی خاڵەکانی لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ئەمریکا گەیاندە 52 خاڵ و ئێستا سێ خاڵ لە خاوەنی پلەی سێیەمەوە دوورە و 14 خاڵ لە دواوەی یانەی نشڤیڵی پێشەنگی ریزبەندە.



