رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی سەرکەوتن، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردووی خولی تورکیادا دوو خاڵی لەدەستدا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی سوپەرلیگدا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 16:00 یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی کۆنیاسپۆر یاریی دەکات.
ئامەدسپۆر دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا لە دوایین ساتەکاندا بەرامبەر گێنجلەربیرلی دوو خاڵی لەدەستدا، گەڕایەوە ماڵەکەی و ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە بۆ ئەوەی سێ خاڵی دیکە بباتەوە.
کەسک و سوور لەم وەرزەی خولی تورکیادا وەکو تیپێکی بەهێز دەردەکەوێت، تیپەکە لە 7 یاریی رابردوودا سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، دوو جار یەکسانبووە و لە یارییەکدا دۆڕاوە، ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
ئامەدسپۆر بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ، بەشێوەیەکی کاتی دەگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، بۆیە پێویستییەکی زۆری بەم سێ خاڵە هەیە و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت.
دوو رۆژ لەمەوبەر فرۆشتنی بلیتەکانی یارییەکە دەستیانپێکرد، هاوشێوەی یارییەکانی رابردووی یانەکە، هاندەران پێشوازییەکی زۆریان لێکرد و هەر زوو بلیت لە بازاڕدا نەما، ئەمڕۆش یاریگای یانەکە پڕ دەبێت لە هاندەر و هەمووان بەیەکەوە ناوی ئامەد دەڵێنەوە.
کۆنیاسپۆر ئەنجامەکانی تاوەکو ئێستا باش نین، لە 7 یارییدا تەنیا 1 بردنەوەی هەیە، دوو جار یەکسانبووە و چوار یاریی دۆڕاندووە، بۆیە ئامەدسپۆر دەبێت سوود لە خراپیی دۆخی رکابەرەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەم سێ خاڵە بباتەوە.




