رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت و دەیەوێت دووەم سەرکەوتنی لەسەریەک بەدەستبهێنێت.
دوای بردنەوەی لە یانەی زەورا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر، یانەی دهۆک لە رومادی بەرامبەر یانەی جولان یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە.
ئەلهویێن چیا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئامادەکارییەکی بەردەوامی بۆ ئەم یارییە کردووە و رۆژی هەینی دوایین مەشقەکانی لە روومادی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و تیپەکە ئامادەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە.
پێش چوونیان بۆ ئەم یارییە، یەحیا گوڵمحەممەدی، راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "لاپەرەی یاریی بەرامبەر زەورا داخرا، هەموو بیرکردنەوەمان لای یاریی بەرامبەر جولانە، دەزانین ئەوان تیپێکی رێکخراون و یارییەکە ئاسان نابێت."
راهێنەری دهۆک دەڵێت "رازی نین بە شوێنەکەمان لە ریزبەندی خولەکەدا، بەدوای بردنەوەی خاڵەکانی یارییەکەدا دەگەڕێین و دەمانەوێت ئەنجامەکانمان باشتربکەین. کاردەکەین بۆ ئەوەی یاریزانەکانمان بەباشترین سەرنجەوە ئامادەبن و پاڵنەرمان هەیە بۆ بردنەوە و دڵخۆشکردنی هاندەرانمان."
یانەی دهۆک لە 9 یارییدا دوو بردنەوەی هەیە، ئێستا لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و چاوی لە باشترکردنی شوێنەکەیەتی لە خولەکەدا، یانەی جولان بەهەمان شێوە دوو بردنەوەی هەیە، بەڵام ئەوان یارییەکیان زیاتر دۆڕاندووە و لە پلەی یازدەیەمی خولەکەیە.




