رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک، یانەی زاخۆ دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و لە بەغدا بەدوای دڵخۆشکردنی هاندەرانیدا دەگەڕێت.
لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 18:45 یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی نەفت یاریی دەکات و دەیەوێت هاندەرانی ئاشتبکاتەوە، دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر هەردوو یانەی نەورۆز و گەرمە دۆڕا.
یانەکە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە زاخۆ درێژەی دایە ئامادەکارییەکانی، هەرچەند شێرکۆ کەریم لە یەکێک لە مەشقەکاندا بە ئازارەوە چووە دەرەوە، بەڵام بۆ یارییەکە ئامادەیە، هاڕوون ئەحمەد، بەهەمان شێوە بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکەن.
هەریەکە لە محەممەد عەلی عەبوود، شڤان جەمیل، حەمید حاجی و مستەفا سەعدوون بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری یانەی زاخۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەدا گوتی "لە یارییەکانی رابردوودا ئاستێکی باشمان پێشکێشکردووە و دەتوانین لەرووی ئاستەوە زیاتر پێشبکەوین، هیوادارم یاریزانەکان ئاستبەرزیی خۆیان بگەڕێننەوە، بەتایبەت کە کاریگەریی دەبێت لەسەر شوێنی ئێمە لە ریزبەندەکەدا."
بلووشی دەڵێت "نەفت شوێنەکەی لە ریزبەنددا باشە، راهێنەر و یاریزانی باشی هەیە. هیوادارم یاریزانەکان ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەن و بەو کەسایەتییەوە دەربکەون کە زاخۆی پێ دەناسرێتەوە."
یانەی زاخۆ ئێستا لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، نەفت لە پلەی پێنجەمی ریزبەندە، دوایین سێ یاریی بردووەتەوە و لە یەک یارییدا دۆڕاوە.




