رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، وێڕای دووپاتکردنەوەی سەرسامیی خۆی بەتواناکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەکە، بەڵام دووپاتیکردەوە ئەگەر ئەو لە جێگای ئەو یاریزانە بووایە، بیری لە رۆیشتن لە ریال مەدرید دەکردەوە.
سپێشەڵ وەن، پاش سەرپەرشتیکردنی مەشقەکانی ئەمڕۆی تیپەکەی، کە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سێڤییا لە گەڕی نۆیەمی لالیگا، لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادە دەکات، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەر لە یارییەکەدا، باسی لە پەیوەندی خۆی و ڤینی کرد و گوتی، رۆژانە چەند خولەکێک پێکەوە بەتەنیا قسە دەکەین.
ڤینیسیۆس لەژێر گوشارێکی زۆردایە، وێڕای ئاستی خراپی لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە، لە یاریی پێشووی تیپەکەیدا بەرامبەر ڤیاڕیال، ئەگەرچی گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام رەتکرایەوە، پاشگەڕانەوەی ناوبژیوان بۆ ڤار، ئەوەش بەهۆی راکێشانی پرچی یەکێک لە یاریزانانی ڤیاڕیال، بەرلەوەی گۆڵەکە تۆمار بکات.
ڤینی لەسەر ئەو رووداوە، لەلایەن دەستەی رێککاری لالیگاوە، بە راگرتن بۆ چوار یاری سزادرا و بەهۆی ئەو سزایەوە، بەشداریی لە کلاسیکۆی یەکەمی وەرزدا ناکات، کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە نێو کامپ نو، ئەنجامدەدرێت.
مۆرینیۆ لەبارەی ریمۆنتادای تیپەکەی بەسەر رۆما، لە چامپیۆنزلیگ و ئاستی ڤینی لە یارییەکەدا دەڵێ، ڤینیسیۆس یارییەکی زۆر سەختی ئەنجامدا، بەڕای من گاسپێرینی بەرپرسیارە لەو سەختییانەی، رووبەڕووی بوونەوە، چونکە ئەو هەموو چەکەکانی خۆی خستە ئەو لایەی یاریگا، هەریەکە بیزلی، سولی و مانچینی خستە هەمان باڵەوە بەرامبەر کوکورێیا و ڤینیسیۆس.
مۆرینیۆ دووپاتیدەکاتەوە کە پێویستە ڤینیسیۆس بەردەوام بێت لە کارکردن، گوتوویەتی پێشبینی دەکەم لە یارییەکەی رۆژی چوارشەممەدا، ئەو یاریزانە سەرەکی بێت.
وێڕای سەرجەم گوشارەکان و ئەو کێشانەی رووبەڕوویان بووەتەوە، مۆرینیۆ پاڵپشتیی خۆی بۆ یاریزانەکەی دووپاتکردووەتەوە و ستایشی توانای زاڵبوون بەسەر سەختییەکان و پاراستنی زەردەخەنەکەی کرد.
مۆرینیۆ دەڵێت، ڤینیسیۆس کەسێکی ناوازەیە، ئاسانە پەیوەندییەکی باش لەگەڵیدا دروست بکەیت، رۆژانە چەند خولەکێک بە تەنیا لەگەڵیدا بەسەردەبەم، خۆشم دەوێت چونکە نایابە.
ئەو دەڵێ، رێزێکی زۆرم بۆی هەیە، چونکە هەمیشە توانیویەتی بە پێکەنینەوە بەردەوام بێت لە ژیانی خۆی و بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بێت، ئەگەر من لە جێگای ئەو بوومایە، رەنگە لێرە نەمێنمەوە، یانەکەم ناچار دەکرد، رازی بێت دەستبەردارم بێت و رێگای رۆیشتن بۆ خولێکی دیکەم پێبدات کە دەکرێ زیاتر رێزم لێبگیرێت تێیدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بەو یاریزانە بەرازیلییە دەڵێ: ئەو پێیوایە شتەکان دەتوانن باشتر بن، هەروەها بەردەوام زەردەخەنە دەکات، هیچ شتێک و هیچ کەسێک ناتوانێت ئەوەی لێبستێنێتەوە.
ڤینیسیۆس ئەگەرچی بەشداری لە مەشقەکانی ئەمڕۆی ریال مەدریددا کردووە، بەڵام وەک سزای راگرتن، لە یاریی سبەی بەرامبەر سێڤییا، بەشداریی ناکات.




