رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی بارسێلۆنا رووبەڕووی تەنگژەیەکی گەورە بووەتەوە، بەرلەوەی لە یاریگای خۆیدا، میوانداریی ریال مەدرید بکات، لە یەکەم کلاسیکۆی ئەمساڵدا.
سەرچاوەکان دەڵێن، ژمارەیەک لە کارمەندانی یانە کەتەلۆنییەکە، مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاندووە، بەهۆی بارودۆخی و لادانی یانەکە لە خاڵەکانی گرێبەست لەگەڵ ئەو کرێکارانە، ئەوەش مەترسی لەسەر رێکخستنی یارییە گرنگەکەی وەرزەکە، دروستکردووە.
بڕیارە بارسێلۆنا لە 25ی ئەم مانگەدا، لە نێو یاریگای خۆی رووبەڕووی ریال مەدرید ببێتەوە.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، کرێکارانی پەیوەست بەگرێبەستی هەمیشەەیی پچڕ پچڕ لەگەڵ یانەکە، (ئەوانەی گرێبەستی بەردەوامی کارکردن لەگەڵ یانەکەیان هەیە، بەڵام بەپچڕپچڕی لە وەرزەکەدا کاردەکەن)، مانگرتنیان راگەیاندووە.
ئەو کرێکارانە، بەرپرسن لە چەند کارێک، لە نێویاندا رێکخستنی چوونە ژوورەوەی هاندەران بۆ نێو یاریگا، لەگەڵ رێکخستنی هەمان کار لە دەرەوەی یاریگا، بڕیاریانداوە لەماوەی نێوان 23 تاوەکو 25ی ئەم مانگە مانگرتن لە کارکردن رابگەیەنن، ئەوەش کاریگەری لەسەر یارییەکانی تیپی کوڕان، کچان و باسکە و تۆپی دەستی یانەکە دروستدەکات.
رۆژنامەکان گوتوویانە، لیژنەی فەرمانبەران، پاش چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کارگێڕیی بارسێلۆنا، بڕیاری مانگرتنیدا، پاشئەوەی نەگەیشتە رێکەوتن لەگەڵ یانەکە.
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە کرێکارەکان پێیانوایە، یانەکە سەرپێچی لە خاڵەکانی گرێبەستی لەگەڵ ئەو کارمەندانە کردووە، هەروەها لە پابەندییەکانی خۆی لایداوە، ئەمە جیا لەوەی جیاوازی لە نێوان کرێکارەکاندا کردووە و ژمارەیانی کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا هەندێک ئەرکی بە کۆمپانیای دیکە داوە.
لیژنەکە هەروەها دەڵێ، بەپێی ئەو گرێبەستانەی کە هەن، 60 فەرمانبەر بەو گرێبەستانە یارییدەکەن، لە کاتێکدا یانەکە پێویستی بە 90 تاوەکو 95 فەرمانبەر هەیە بۆ ئەوکاتە، سەرنجیشی بۆ ئەوە راکێشاوە کە دوایینجار لە یانەکە کرێکاری بۆ ئەو پۆستانە وەرگرتووە، مانگی دەی ساڵی 2024 بووە.
پێشبینیدەکرێت هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە، لیژنەی فەرمانبەران و کارگێڕیی یانەکە کۆببنەوە، لەپێناو هەوڵێکی دیکە بۆ رێکەوتن و کۆتایی هێنان بە کێشەکە و رێگرتن لە مانگرتنی کرێکارەکان.
لە بەرامبەر ترسی هەندێک میدیادا، لەبارەی کاریگەریی دروستکردنی ئەو دۆخە لەسەر کلاسیکۆ، هەندێک سەرچاوەی دیکە دەڵێن، بارسا هیچ ترسێکی لە ئەگەرەکە نییە، دڵنیایە لەوەی یارییەکە لە کاتی خۆیدا و بێ کێشە ئەنجام دەدرێت.




