رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، بەرگری لە خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا کرد، لە نێوان پەرەسەندنی ململانێی نێوان یانەکەی و ریال مەدرید، جەختی لەوە کردەوە کە یانەی شاهانە هێرشی دووبارە بۆ سەر دامەزراوەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا دەستپێدەکات، وەک ئەوەی بیەوێت هەموو شتێک لەناوببات کە لەگەڵ کارنامەکەیدا یەکناگرێتەوە.
ئەو لێدوانەی لاپۆرتا بۆ میدیاکان پێش یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ریال بێتیس بوو کە بڕیارە رۆژی شەممە لە لالیگا ئەنجام بدرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و تێباس پەرەی سەندووە. ئەم هەڵکشانە لەدوای داوای دەستلەکارکێشانەوەی تێباس لەلایەن ریال مەدریدەوە هات، دوای ئەوەی شێوازەکانی پەیوەندی میدیایی یانەکەی بەراورد کرد بەو تاکتیکە پڕوپاگەندەیانەی کە جۆزێف گۆبڵز، وەزیری پڕوپاگەندەی نازییەکان بەکاری دەهێنا.
لاپۆرتا گوتی "ئێمە بەبەختین کە خاڤیێر تێباس وەک سەرۆکی لالیگا هەیە، چونکە خاوەنی ئەزموونی پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە دۆخانە، هەروەها تا راددەیەک تێگەیشتن لە بەرامبەر هێرشە دووبارەکانی ریال مەدرید بەرامبەر خولەکە نیشان دەدات".
سەرۆکی بارسا ئاماژەی بەوەشکرد "پێدەچێت ریال مەدرید بیەوێت هەموو شتێک لەناوببات، جا چ لالیگا بێت، یان لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان، یان تەنانەت فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، پێناچێت هیچ شتێک رازییان بکات".
سەرۆکی بلاوگرانا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "خۆشبەختانە سەرۆکی لالیگا دەزانێت چاوەڕوانی چی بکات، ئەو کەسێکی خاوەن ئەزموونە کە شەڕی زۆری کردووە و خاوەنی دیدگا و ئەزموونی پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرشانە، کە شایستەی یانەیەکی سەر بە لالیگا نییە".
دوایین قەیران دوای ئەوە سەریهەڵدا کە تێباس لە بڵاوکراوەیەکدا رەخنەی لەو رووماڵە میدیاییانە گرت کە کەناڵی ریال مەدرید بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەشێک لە پراکتیزەکانی لە تاکتیکی پڕوپاگەندە دەچێت کە جۆزێف گۆبڵز، وەزیری پڕوپاگەندەی رژێمی نازی بۆ درێژەدان بە گێڕانەوەیەکی تایبەت و کاریگەری لەسەر رای گشتی بەکاریهێناوە.
تێباس روونیکردەوە کە رەخنەکانی پەیوەندییان بەشێوازەکانی پەیوەندی میدیاییەوە هەیە، نەک ئایدۆلۆژیای نازی یان هاندەرانی ریال مەدرید، بەڵام لێدوانەکانی کارگێڕیی یانەی ریال مەدریدی تووڕە کرد و بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی سەرۆکی لالیگا و جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە هێرشی قبوڵنەکراویان زانی.
یانەی ریال مەدرید بە لێدوانێکی فەرمی بە تووندی وەڵامی دایەوە و لێدوانەکانی تێباسی بە "تەواو قبوڵنەکراو و لەڕادەبەدەر مەترسیدار" وەسفکرد. یانەکە جەختی لەوە کردەوە کە روونکردنەوەی ئەو کە ئایدۆلۆژیای نازی ناکاتە ئامانج، لە جددییەتی بەراوردکردنەکە یان ئەو سووکایەتییەی کە بەرامبەر بە یانەکە و بەڕێوەبەرایەتییەکەی و کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکەی تێدایە کەم نەکردووەتەوە.
بەیاننامەکە لەوەش زیاتر ڕۆیشت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەستبەجێی تیباس لە پۆستەکانی سەرۆکی لالیگا و جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کرد و تۆمەتباری کرد بەوەی کە بێلایەنی و ڕێزگرتن و دەستپاکی نییە کە پێویستە بۆ بەرپرسیارێتییە دامەزراوەییەکانی.
لای خۆیەوە تێباس تۆمەتەکانی ریال مەدریدی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە کارگێڕیی یانەکە لە وەڵامی رەخنەکاندا پەنا بۆ تاکتیکی تۆقاندن دەبات. ئەو تۆمەتباری کردوون بەوەی کە هەوڵی تێکدانی خولی ناوخۆیی دەدەن بە هەڵبەستنی گێڕانەوەی میدیایی کە بە وتەی خۆی ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان نییە.




