رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆڕانی لە یەکەم یارییدا لە جامی کەنداو، یانەی هەولێر دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و دەیەوێت بەبردنەوە درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات لە خولەکەدا.
ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 19:45 لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر میوانداریی یانەی موسڵ دەکات.
بەهۆی سزادانی یانەی هەولێرەوە، یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە ئامادەکارییەکی باشی کردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە بکات، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوامبێت.
هەڵگورد مەلا محەممەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر ئامادەیی تیپەکەی بۆ یارییەکە راگەیاند و گوتی "ئیبراهیم بایش بۆ یارییەکە ئامادەنییە و یاریی داهاتوو ئامادەدەبێت، هومام تاریق، پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات."
یانەی هەولێر لە 9 یاریی رابردوودا، پێنج بردنەوە، سێ یەکسانبوون و یەک دۆڕانی هەیە، چاوی لەوەیە بەبردنەوەیەکی دیکە هاندەرانی زیاتر دڵخۆش بکات.
یانەی موسڵ، 2 یاریی بردووەتەوە، 2 جار یەکسانبووە و 5 یاریی دۆڕاندووە، بەهۆی ئەنجامەکانی تیپەکەوە گۆڕانکاریی لە دەستەی راهێنەرانی یانەکەدا کراوە و بە ئامانجی باشترکردنی ئەنجامەکانی بەرامبەر هەولێر یاریی دەکات.




