رووداو دیجیتاڵ
لە بەدلیس مشتومڕ لەسەر گۆرانیی "شەڕ شەڕە" دروستبووە، کە لە کۆپڵەیەکی باشی شەڕی کورد و تورک دەکات، یانەی مەڵاتیا سپۆریش پەنا بۆ یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا دەبات.
دوای ئەوەی لە یاریی لووتکەدا هەردوو یانەی بەدلیس سپۆر و مەڵاتیا سپۆر بە گۆڵێک یەکسان بوون، رووداوەکانی دەرەوەی یاریگە بوونە ڕۆژەڤ. هاوکات لەگەڵ راگەیێندراوی هەردوو یانە، پەخشکردنی گۆرانیی "شەڕ شەڕە" پێش دەستپێکردنی یارییەکە بووە جێی مشتومڕ.
یانەی بەدلیس سپۆر، کە لە کۆمەڵەی سێیەمی خولی پلە سێی تورکیادا یاری دەکات و لە حەوت یاری دا 16 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی پێنجەمی گرتووە، رۆژی شەممە لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی پێشەنگی خولەکە؛ مەڵاتیا سپۆری کرد. یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات، بەڵام دوای یارییەکە هەردوو یانەکەدیەکدییان تۆمەتبار کرد.
یانەی وەرزشیی مەڵاتیا سپۆر رایگەیاند: "ئەو رووداوانەی لە گێمی یەکەمی یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر بەدلیس سپۆر روویاندا، لە روانگەی گیانی وەرزشی و ئەو بەهایانەی نوێنەرایەتییان دەکات، قبووڵکراو نین. هەوڵی هێرشی زارەکی و فیزیکی بۆ سەر ژووری ناوبژیوانان درا. هێزە ئەمنییەکان رێگریان لە گەورەبوونی رووداوەکان کرد، بەڵام رووداوەکان بەوەوە نەوەستان؛ هەمان ئەو کەسانە ئەمجارە روویان کردە ژووری راهێنەر و دەستەی هونەریمان و هەوڵی هێرشی زارەکی و فیزیکییان دا، هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان ناچار بوون جارێکی دیکە دەستوەردان بکەن."
یانەی مەڵاتیا سپۆر پێیوایە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە شایستەی شارێکی دێرینی وەک بەدلیس نین کە بە مێژوو، کولتوور و میواندۆستی ناسراوە.
یانەی مەڵاتیا سپۆر گلەیی لەوە دەکات، جێگە بۆ بەرپرسانی یانەکەیان لە سەکۆی پرۆتۆکۆڵدا تەرخان نەکراوە، ئەمەش لە روانگەی پەیوەندیی نێوان یانەی میواندار و میوان، جێی نیگەرانییە. لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، رووداوەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە هاندەرانی بەدلیس سپۆرەوە نییە. "گلەییمان لە هاندەرانی بەدلیس سپۆر نییە و سوپاسیان دەکەین. هەڵوێستیان ژیرانە بوو؛ بە درێژایی یارییەکە هانی تیپەکەیان دا و دووربوون لە هەر کارێکی خراپ".
بەدلیس سپۆر: هیچ سووکایەتییەکمان نەکردووە و با لێکۆڵینەوە بکرێ
یانەی بەدلیس سپۆر هەر زوو وەڵامی مەڵاتیا سپۆری دایەوە و رایگەیاند: "بە سەرسوڕمانەوە راگەیێندراوەکەی یانەی وەرزشیی مەڵاتیا سپۆرمان خوێندەوە! رووبەڕووی کۆمەڵێک پروپاگەندە بووینەتەوە کە شارەکەمان و یانەکەمان دەخەنە ژێر گومانەوە. بە تووندی ئەو جۆرە تۆمەتانە بۆ سەر بەدلیس و بەدلیس سپۆر رەتدەکەینەوە."
یانەی بەدلیس سپۆر هەروەها رەتیکردووەتەوە کە لە تەواوی یارییەکەدا هیچ سووکایەتی و جنێوێکیان ئاراستەی هیچ یاریزان، هاندەر و بەرپرسیارێکی مەڵاتیا سپۆر کردبێت.
هاوکات دەڵێ، قبووڵی ناکەن بەدلیس و یانەی بەدلیس سپۆر بکرێنە ئامانج.
یانەی بەدلیس سپۆر هەروەها داوایکردووە بەدواداچوونی تەواو لە بابەتەکەدا بکرێت و هەر هەڵە و کارێکی نایاسایی هەیە، پەردەی لەسەر لابدرێت.
ئەو یانەیەی باکووری کوردستان رایگەیاندووە:" ئەگەر تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی هەیە لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت و راستییەکان ئاشکرا ببن. چاوەڕێین ئەوانەی تۆمەتبارمان دەکەن، هەیە، بە زانیاری و بەڵگەی بەرجەستە بیسەلمێنن".
گۆرانیی (شەڕ شەڕە) نیگەرانیی لێکەوتەوە
یانەی ماڵاتیا سپۆر ناڕەزایی تووندی بەرامبەر ئەوە نیشانداوە کە دەڵێ، پێش دەستپێکردنی یارییەکە و لەو کاتەی تیپەکەیان بۆ خۆگەرمکردنەوە چووەتە یاریگە، گۆرانیی (شەڕ شەڕە) لێدراوە.
هەروەها رایگەیاندووە: "پرۆسەکە لە یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا لە لایەن یانەکەمانەوە بە وردی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."
گۆرانیی 'شەڕ شەڕە' چییە؟
گۆرانیی "شەڕ شەڕە" لە لایەن هونەرمەند هۆزان شەمزینەوە بە زمانی کوردیی (کورمانجی) گوتراوە و یەکێکە لە شاکارە ناسراوەکانی میوزیکی کوردی.
لەم گۆرانییەدا باسی شەڕی کورد و میللەتانی دیکە کراوە. بەتایبەتیش تورک و رۆم بە دوژمن وەسفکراون.
گۆرانییەکە بە کوردیی سۆرانی
شەڕە، شەڕە، شەڕە
شەڕە، شەڕە، شەڕە
ئەمڕۆ لە مەیدانێ شەڕە
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
لە راست بدە، روو لە چەپ بکە
ئەمڕۆ لە مەیدانێ شەڕە
لە چەپ بدە و لە راستەوە بگەڕێوە
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
شەڕ شەڕی ئێمە و رۆمەکانە
هۆ شەڕە، شەڕە، شەڕە
گرمەگرم کەوتووەتە هەموو شوێنێک
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
هۆ شەڕە، شەڕە، شەڕە
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
شەڕ شەڕی ئێمە و تورکەکانە
هۆ شەڕە، شەڕە، شەڕە
شەڕ شەڕی ئێمە و تورکەکانە
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
بە تفەنگ لێکمان داوە
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
شیوەن کەوتووەتە نێو گوندەکان
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
شەڕ شەڕی ئێمە و دوژمنانە
هۆ شەڕە، شەڕە، شەڕە
شەڕ شەڕی ئێمە و دوژمنانە
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
بە خەنجەر لێکمان داوە
هۆ شەڕە، شەڕە، شەڕە
بە خەنجەر لێکمان داوە
سبەی لە مەیدانێ شەڕە
هاوار و ناڵە کەوتووەتە هەموو لایەک
هۆ شەڕە، شەڕە، شەڕە
هاوار و ناڵە هەموو لایەکی گرتەوە



.png&w=3840&q=75)
