رووداو دیجیتاڵ
یانەی موش سپۆری باکووری کوردستان، بەکاتێکی نایابدا تێدەپەڕێت و پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە دووی تورکیایە و هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی پلە دووی تورکیا، یانەی موش سپۆر لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر ئەنقەرەسپۆر یارییکرد و بردنەوەیەکی دیکەی تۆمارکرد.
لە نیوەی یەکەمی یارییدا یانەی میوان بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لەپێشەوە بوو، بەڵام دوای ئەوە موش سپۆر ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا.
بەبردنەوەی ئەم یارییە، یانەی موش سپۆری باکووری کوردستان، شەشەم بردنەوەی لەم وەرزەدا تۆمارکرد و لە یارییەکەدا یەکسانبووە، بەمشێوەیە تیپەکە هێشتا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و زیاتر لە 630 خولەکە هیچ یانەیەک لە تیپە زەردپۆشەکەی نەبردووەتەوە.
موش سپۆر خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و لەم وەرزەدا 20 گۆڵی تۆمارکردووە، بە تێکڕای 2.8 گۆڵ بۆ هەر یارییەک.
تیپەکەی باکووری کوردستان لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی پلە دووی تورکیا خاوەنی 19 خاڵە و دەیەوێت وەرزی داهاتوو لە خولی پلە یەک یاریی بکات.




