رووداو دیجیتاڵ
تەمێکی چڕ لە پاریس، بووە هۆکاری دواکەوتنی گەشتی فڕۆکەی یانەی بارسێلۆنا بۆ ئەو شارە و بەوەش سەرجەم رێوشوێنە پڕۆتۆکۆلییەکانی یانەکە بۆ یارییەکە، تێکچوون.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، بڕیاربوو کاژێر 10:30ی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی ئیسپانیا، فڕۆکەکەی بارسا کە یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی یانەکە دەگوازێتەوە بۆ پاریس، لە فڕۆکەخانەی ئێل براتەوە بەڕێ بکەوێت، بەڵام بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە گەشتەکە دواخراوە.
میدیاکان دەڵێن، بەهۆی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پاریسەوە، بەشێکی دیکە لە گەشتەکان بۆ ئەو شارە، رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
بڕیارە سبەی سێشەممە، لە گەڕی سێیەمی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ، پاریس سانجێرمان لە یاریگای خۆیدا، میوانداریی بارسێلۆنا بکات.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا، وادەی گەشتەکەی بارسێلۆنا رانەگەیێنراوە، بەڵام بارسێلۆنا بەنیازبوو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بگاتە پاریس، دواتر یاریزانەکانی نانی نیوەڕۆ بخۆن و پشوویەکی کورت وەربگرن، بەرلەوەی ئێوارە تیپەکە، دوایین مەشقی خۆی لە کاژێر 18:30 بەکاتی پاریس ئەنجام بدات.
پێشبینی دەکرێت، هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە و پێدری کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی بەر لە یارییەکە لە کاژێر 17:45 خولەکدا ئەنجام بدرێت، بەرلەوەی مەشقەکانی تیپەکە دەستپێبکات.
شاندی بارسێلۆنا چاوەڕییە رەزامەندی بۆ گەشتەکە وەربگرێت، لە نێو ئومێدی ئەوەدا کە گەشتەکەی لەوە زیاتر دوانەکەوێت، تاوەکو تیپەکە پڕۆگرامی ئامادەسازیی خۆی بۆ یارییەکە جێبەجێ بکات.
دواکەوتنی گەشتی ئەمڕۆی شاندی بارسێلۆنا، دوای دواکەتنی گەڕانەوەی شاندی یانەکە لە شاری سێڤییاوە دێت، کە لەوێش تیپەکە رووبەڕووی خراپیی کەشوهەوا بووەوە و بەهۆیەوە نەیتوانی لە کاتی خۆیدا، بگەڕێتەوە بارسێلۆنا.




