رووداو دیجیتاڵ
یانەی مێردین سپۆری باکووری کوردستان، دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی ئێرۆک سپۆر یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی یازدەی خولی پلە یەکی تورکیا، کاژێر 20:00 یانەی مێردین سپۆر لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی ئێرۆک سپۆر و دەیەوێت سوود لە خراپیی دۆخی رکابەرەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە بکات و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
مێردین سپۆر لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر هەردوو یانەی بورساسپۆر و فاتیح کارامرۆگ بەدەستهێناوە، تیپەکە پێنج یاریی لەم وەرزەدا بردووەتەوە و 18 خاڵی هەیە و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە.
یانەی ئێرۆک سپۆر لەم وەرزەدا لە دۆخێکی خراپدایە، تیپەکە تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە، سێ جار دۆڕاوە، ئەوانیش دەیانەوێت سوود لە یاریگاکەی وەربگرن بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی باشتربکەن.




