رووداو دیجیتاڵ
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر لە دۆخی تیپەکەی ناڕازییە و بڕیاریداوە دەستلەکاربکێشێتەوە.
راهێنەری یانەی هەولێر لە نامەیەکدا کە بۆ محەممەد کارێزی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی ناردووە و دەستلەکارکێشانەوەی لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی هەولێر رادەگەیێنێت و دەڵێت "ناڕەزایەتی و سەرسوڕمانی خۆمان لە بڕیاری کارگێڕیی یانەکە بۆ مووچەبڕین پێشاندەدەین."
راهێنەرەکە لەو نامەیەدا کە بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە کارەکەی ئامادەیکردووە نووسیوویەتی "نەبوونی پشتگیری کارگێڕی و هونەریی پێویست، بۆ رکابەریکردن لەسەر خول و نەبوونی بنەمای سەرەکی بۆ کارکردن، هۆکارن بۆ ئەم بڕیارە."
دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لوئەی سەڵاح
بۆ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر
بابەت/ دەستلەکارکێشانەوە
سڵاو و رێز
ناڕەزایەتی و سەرسوڕمانی خۆمان، لە بڕیاری بەڕێزتان دەردەبڕین بەوەی کە سزای دارایی و مووچەبڕین، بەسەر دەستەی راهێنەران و یاریزانانی یانەکەدا سەپێنرا، بەبیانووی 'کەمتەرخەمی و پاشەکشەی ئاست'، دەمانەوێت بەوپەڕی روونی و راشکاوییەوە بڵێین، کە ئەم بڕیارە هیچ نییە تەنیا هەوڵێک نەبێت، بۆ خستنە ئەستۆی کادیر و یاریزانانی یانەکە و خۆدزینەوەی کارگێڕیی راستەقینە، لە پاشەکشەی ئەنجامەکانی ماوەی رابردوو.
ئەنجامەکانی هەر تیپێک، رەنگدانەوەی سرووشتی ژینگە و ئەو کەرەستانەیە کە کارگێڕیی یانەکە دابینی دەکات، کە پشتگوێخستن و بایەخپێنەدانی بەردەوامی بەرامبەر بنەما سەرەکیییەکانی سەرکەوتن بەخۆوە بینیوە، دیارترینیان:
دواکەوتنی بەردەوامی پێدانی شایستە داراییەکان بەیاریزانان و دەستەی راهێنەران، ئەوەش کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر سەقامگیریی دەروونیی و رۆحیی تیپەکە هەبوو.
نەبوونی بنەما سەرەکییەکانی کارکردن، لەسەرووی هەمووانەوە، دەستەبەرنەکردنی یاریگای گونجاو و ئامادە بۆ مەشقی رۆژانە.
هەروەها نەبوونی پشتگیریی کارگێڕی و هونەریی پێویست، بۆ رکابەریکردن لەسەر خول، هەربۆیە لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتی دۆخەکە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە بووە، دراوەتە پاڵمان، ئێمە دەستلەکارکێشانەوەی فەرمیی خۆمان، لە مەشقدانی تیپەکە رادەگەیەنین، هیوای سەرکەوتن بۆ یانەی هەولێر و هاندەرەکانی دڵسۆزەکانی دەخوازین.
واژۆ
دەستەی راهێنەران
مێژوو: / / 2026




