رووداو دیجیتاڵ
لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ئامادەیی تیپەکەی بۆ سەرکەوتن بەسەر بارسێلۆنای ئیسپانی، لە یاریی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانە، لە چامپیۆنزلیگ راگەیاندووە.
سانجێرمان لە نێو باخچەی شازادەکان لە پاریس، لە کاژێر 22:00 رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە.
ئینریکێ پێیوایە، وێڕای نزیکیی ئاستی هەردوو تیپ، بەڵام یارییەکە دەبێتە بەهێزترین یاریی و سانجێرمان دەیەوێت، بەپاڵپشتیی هاندەرەکانی، یارییەکە بباتەوە.
ئینریکێ کە پێشتر راهێنەری بارسێلۆنا بووە و لەگەڵیدا، نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، پێیوایە، وێڕای نزیکیی ئاستی هەردووتیپ، بەڵام پاریس بەهێزتر دەبێت، چونکە لەسەر یاریگای خۆی یارییدەکات.
راهێنەری سانجێرمان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی پێش یارییەکەی ئەمشەو، دووپاتیدەکاتەوە کە هەردوو تیپەکە کوالیتییەکی بەرزیان هەیە، ئەو دەڵێ، "یارییکردن لەسەر یاریگای خۆمان جیاوازییەکە دروستدەکات، چونکە ئێمە لە یاریگای خۆماندا زۆر بەهێزترین".
راهێنەری سانجێرمان یارییەکەی بەیارییەکی تایبەت ناوبردووە کە تیپەکەی دەزانێت هیچ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دۆخی لە چامپیۆنزلیگ نابێت، بەڵام وێڕای ئەوەش، بردنەوەی دەوێت. ئەو دەڵێ، "ئەمانە دوو یانەی گەورەن کە ناسنامەی روونیان هەیە و هەردووکیان خەڵک حەز بەبینینیان دەکەن، ئێمە دەمانەوێت هەلەکە زۆر بەباشی، بقۆزینەوە".




