رووداو دیجیتاڵ
گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات، لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕەدا یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەرامبەر بارسێلۆنای ئیسپانی یاریی دەکات و هەردوو تیپ رکابەری لەسەر پێشەنگی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ دەکەن.
شەوی سێشەممە کاژێر 22:00 لەسەر یاریگای پارک دی پرێنس، لە پاریس یارییەکی لووتکە و پڕ لە رکابەری لەنێوان هەردوو تیپدا بەڕێوەدەچێت، لویس ئێنریکێ، راهێنەری ئیسپانی و پاریس سانجێرمان رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.
یانەی پاریس سانجێرمان، رۆژی دووشەممە دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و تیپەکە بە هەموو ئەستێرەکانییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوە گەورەکە ئامادەیە.
پاریس لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا رکابەری لەسەر پێشەنگی ریزبەند دەکات، تیپەکە لە شەش یاریی رابردوودا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە.
لە گەڕی رابردووی چامپیۆنزلیگدا لەنێو یاریگای ئیتیحاد سەرکەوتنی بەرامبەر مانچێستەر سیتی بەدەستهێناوە و خاوەنی دوو بردنەوەی لەسەریەکە، ئەمجارە دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی یارییەکی دیکەی ئەورووپی بباتەوە و بەتەنیا لە پلەی یەکەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ بێت.
لە بەرامبەردا یانەی بارسێلۆنا، لە بەهێزترین تیپەکانی ئێستای ئەورووپایە، هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا نەدۆڕاندووە و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
بردنەوەی ئەم یارییە بۆ بارسێلۆنا مانایەکی زیاتری هەیە لە بردنەوەی سێ خاڵ، بەوپێیەی هەم تیپەکە بەتەنیا لە پێشەنگی ریزبەند دەبێت، پێش یاریی کلاسیکۆی بەرامبەر ریال مەدریدیش لە لالیگادا یانەکە بردنەوەیەکی گرنگ تۆمار دەکات و بە ورەیەکی جیاوازەوە دەچێتە نێو ئەو رکابەرییە.
بارسێلۆنا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا بە دوو یاریی 9 گۆڵی تۆمارکردووە، هەمان ژمارەی خاڵەکانی پاریس سانجێرمانی هەیە و ئەمشەو دەیەوێت رکابەری لەسەر یەکلاکردنەوەی پێشەنگی ریزبەند بکات.
بۆ ئەم یارییە رافینیا بەتەواوی ئامادەیە و بە ئەگەری زۆرەوە بەشێوەی سەرەکی سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی یانەی بارسێلۆنا دەکات.
بارسا 7 جار لە چامپیۆنزلیگدا بۆ یارییکردن بەرامبەر پاریس سانجێرمان چووەتە پاریس، دوو جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 3 یارییدا دۆڕاوە و دووجار هەردوو تیپ یەکسانبوون.
هانزی فلیک تاوەکو ئێستا هیچ سەرکەوتنێکی بەرامبەر لویس ئێنریکێ نییە و لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەدوای یەکەم بردنەوەدا دەگەڕێت.




