رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆی تۆمارکراوی نێو یاریگا، لە نێوان ناوبژیوانی سەرەکی و ناوبژیوانی ژووری ڤار، لە یارییەکەی نێوان ریال بێتیس و بارسێلۆنا، دەریدەخەن کە ناوبژیوان دوودڵ بووە لە رەتکردنەوەی گۆڵەکەی بێتیس.
میدیای ئیسپانیا، ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان بڵاوکردووەتەوە، کە لە نێوان پێدری یاریزانی بارسا، لەگەڵ ریکاردۆ دی بورگۆسی ناوبژیوان ئەنجامیداوە، پاشئەوەی بەهۆی بەرکەوتنی تۆپێکەوە بەدەستی کۆچۆ هێرناندێز، گۆڵێکی یانەی ریال بێتیس رەتکرایەوە.
یارییەکە بەسەرکەوتنی بارسێلۆنا بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ کۆتایی هات، بەڵام دوای یارییەکە، مانوێل پێلیگرینی راهێنەری ریال بێتیس، رەخنەی تووندی لە ئاستی ناوبژیوان گرت و گوتی، هیچی لە تۆپی پێ نەدەزانی.
بەپێی تۆمارەکان، ناوبژیوانی یارییەکە دوای قسەیەکی پێدری، کاپتنی بارسا گەڕاوەتەوە بۆ ڤار، کە تێیدا پێدری دەڵێ، "ئەوە بەتەواوی روونە کە بەردەستی کەوت"، لە کاتێکدا، پێش ئەو قسانە، ناوبژیوانەکە چەند جارێک بەژووری ڤار دەڵێ، حاڵەتەکە پێویستی بەئەژمارکردنی فاوڵ نییە.
لە دوای قسەکانی پێدری، بورگۆس دەڵێ، "بەبڕوای من، جووڵەیەکی نەکردووە کە شایستەی فاوڵ بێت، باشە؟". بەڵام ئەوە بۆچوونی پێدری لەبارەی دۆخەکە ناگۆڕێت و دووپاتیدەکاتەوە، "چۆن ئەوە فاوڵ نییە؟ ئەو بەدەستی کۆنترۆڵی تۆپەکەی کرد".
ناوبژیوان دواتر بە پێدری دەڵێ، دەگەڕێمەوە ڤار، بەڵام پێدری تۆ بەتەنیا بۆت هەیە قسەم لەگەڵ بکەیت، ئەو لە تۆمارەکەدا دەڵێ، "پێدری، تەنیا تۆ بۆت هەیە قسەم لەگەڵ بکەیت، پێداچوونەوەم بە بەردەستکەوتنی تۆپەکە بۆ بکە، سیرۆ ئەوەم لێداوا دەکات"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بە ناوبژیوانی ڤار.
یاریزانەکەی بارسا جارێکی دیکە دووپاتیدەکاتەوە کە سوورە لەسەر قسەکەی خۆی، "ئەوە بەرکەوتنێکی روونی دەستە". پاشان لەگەڵ هاتنە ناوەوەی ڤالێنتین گۆمێز بۆ نێو مشتومڕەکە، کە دووپاتیدەکاتەوە فاوڵ نییە، پێدری دووپاتیدەکاتەوە کە تۆپەکە بەردەستی کوچۆ کەوتووە، "فاوڵە، چونکە کوچۆ بەدەستی تۆپەکەی بردە پێشەوە، هەموو شتێکی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆپەکە".
مشتوموڕەکە گەرمتر دەبێت، پاشئەوەی ژمارەیەک یاریزانی بارسا لە نێویاندا لامین یامال دەستدەکەن بەنزیکبوونەوە لە ناوبژیوان و رەخنەگرتن، لە کاتێکدا رۆدری دێتە ناو قسەکانەوە و دەڵێ، یاریزانە کۆڵۆمبییەکە بەدەستی کۆنترۆڵی تۆپی کردووە. بەڵام ناوبژیوان وەڵامدەداتەوە و سوورە لەسەر بۆچوونەکەی خۆی، "من هیچ بەردەستکەوتنێک نابینم کە شایستەی ئەوەبێت، فاوڵ ئەژمار بکەم".
یاریزانەکەی بارسا وەڵامدەداتەوە، "بەدەستی کۆنترۆڵی تۆپەکەی کرد". بورگۆس دووپاتیدەکاتەوە، "باشە، بەڵام ئەوە بەردەستکەوتنێکی بەئەنقەست نییە، تاوەکو لێدانی سزا ئەژمار بکەم".
دواتر فیرمین لۆپێز دێتە ناو مشتومڕەکەوە و دەڵێ، "حاڵەتەکە زۆر روونە".
دواتر پێدری گومان لە بیانووی ناوبژیوان بۆ ئەژمارنەکردنی فاوڵ دەردەبڕێت و دەڵێ، "چۆن فاوڵ نییە ئەگەر بەدەستی کۆنترۆڵی تۆپەکەی کردبێت؟".
ناوبژیوان بۆچوونی خۆی رووندەکاتەوە، "بەبڕوای من، دەستی لە دۆخێکی ئاساییدابوو"، پێدری وەڵام دەداتەوە و دەستەکانی بڵاودەکاتەوە، بۆئەوەی پێشانی بدات کە کۆچۆ چۆن دەستی کردووەتەوە لە کاتی بەرکەوتنەکەدا.
لەو ساتانەدا، وەک گفتوگۆ تۆمارکراوەکەی نێو یاریگا دووپاتیدەکاتەوە، هیکتۆر بیریینی کاپتنی ریال بێتیس دێتە نێو قسەکانەوە و ناوبژیوان بۆی دووپاتدەکاتەوە کە بەبۆچوونی ئەو، فاوڵ نییە، بەڵام چاوەڕێی ناوبژیوانی ڤار دەکات، بۆ ئەوەی دەستنیشانی بکات فاوڵە یان نا.
بیریین، بەرگری لە بۆچوونی خۆی و هاوڕێکانی دەکات و دەڵێ، "هەر لەبەر ئەو گۆڵەی تۆماریکرد، دەبێ گۆڵەکە ئەژمار بکرێت، لەپێناو تۆپی پێدا".
پێدری جارێکی دیکە، دێتەوە نێو مشتومڕەکە و دووپاتیدەکاتەوە کە تۆپەکە بەردەستی کەوتووە، هەربۆیە ناوبژیوان داوا دەکات، گرتەکەی بۆ بخەنە سەر شاشە بۆ ئەوەی پێیدابچێتەوە و دواتر کاتێک دەگەڕێتەوە، بڕیاری رەتکردنەوەی گۆڵەکە دەدات.
ئەگەرچی لە دوای یارییەکە دەستبەجێ رەخنەی زۆر لە ناوبژیوانی یارییەکە، لەلایەن شرۆڤەکاران و یاریزانانی ریال بێتیسەوە گیرا، بەڵام بڵاوکردنەوەی گفتوگۆی نێو یاریگاکە، جارێکی دیکە دووپاتیدەکەنەوە کە ناوبژیوان، لەسەر سووربوونی زۆری یاریزانانی بارسا، گۆڵەکە رەتدەکاتەوە و وەکئەوەی پێلیگرینی راهێنەری بێتیسیش دەڵێت، ئەو بڕیارە، ئاراستەی یارییەکە دەگۆڕێت و بارسا، بردنەوەیەکی گەورە بەدەستدەهێنێت.



